جێگری پلاسخارت بۆ کوردستان24: پەکەکە و حەشدی شەعبی رێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال

"هێزە نایاساییەکان لە پشت جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگالەوەن"

کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق

K24 - هەولێر:

کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هێزە نایاساییەکانی نێو شنگال بە هۆکارێک دەزانێت بۆ جێبەجێنەکردنی رێککەوتنامەکە کە سێ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە واژۆ کراوە.

کلۆدیۆ کۆردۆن جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە دیداری مێری 2023، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێزەکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە پێویستە لە شنگال بکشێنەوە، گوتیشی: جێبەجێنەکردنی ئەم رێککەوتنامەیە کاریگەری لەسەر دانیشتوانی شنگال دەبێت و رێگریش دەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە.

کلۆدیۆ کۆردۆن لە دیداری دوو رۆژەی مێری 2023 کە لە هەولێر بەڕێوەچوو باسی لەوەکرد، کشانەوەی حەشدی شەعبی و پەکەکە، بەشێکە لە رێککەوتننامەی شنگال بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێک لەو هێزانە لە ناوچەکە نەکشاونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگیەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەڕوانن، بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی شارەکەش، کۆمەڵێک پڕۆژە هەیە کە بەبێ بوونی ئیدارەیەکی متمانەپێکراو، ناتوانرێت ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە.

کۆردۆن گوتیشی: بە نموونە، ئەگەر باڵیۆزی ژاپۆن بیەوێت قوتابخانەیەک بۆ شنگال دروست بکات، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نییە کە دواتر دروست دەکرێت، نەبوونی دڵنیاییش هۆکارێکە بۆ جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال.

جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردەوە، ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی ئێزدییەکان هەیە دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی بکرێن.

کۆردۆن راشیگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن لە کارکردن، گوتیشی: دڵخۆشین بە ناسین و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی شنگالییەکان بۆئەوەی بزانین چییان دەوێت.

وەک جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێدا، کەسوکار و قوربانیانی دەستی داعش لە شنگال باجی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنامەکە دەدەن.

کلۆدیۆ کۆردۆن پێی وایە، جێبەجێنەکردنی رێککەوتنامەی شنگال، ئاماژەیەکی باش نییە بۆ متمانەی عێراق و تواناکانی لەسەر پابەندبوونی بە رێککەوتنەکان.