پارێزگاری نەینەوا لە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بێبەش دەکرێت

K24 – هەولێر:

بە گوێرەی بڕیارێکی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا لە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بێبەش دەکرێت.

بە گوێرەی بڕیارێکی دادگای پێداچوونەوەی فیدڕاڵی عێراق، بە تۆمەتی ریشەکێشکردنی حزبی بەعس، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا لە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێبەش دەکرێت.

بڕیارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تانەلێدانەکانی پارێزگاری نەینەوا سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا رەتکراوەتەوە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لەو بارەیەوە ئاگادار کراوەتەوە.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا، پرۆسەی تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی پارت و هاوپەیمانیەتی و کاندیدانی سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامدا، کە وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە 15 پارێزگای عێراق بە کەرکووک و نەینەواوە بەڕێوەبچێت.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق، 134 لیست بەشداری دەکەن، کە لەنێوانیاندا 39 هاوپەیمانی 29 پارت و 66 کاندیدیش بەشێوەی سەربەخۆ هەن.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، کۆی گشتی کاندیدان کە کێبڕکێ دەکەن لەسەر 275 کورسی لە 15 ئەنجوومەنی پارێزگا کە  75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان، زیاتر لە شەش هەزار کاندیدن.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.