دادگای فیدراڵی لەبارەی رادەستکردنەوەی بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک بڕیاریدا

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 – هەولێر:

دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.

بە گوێرەی نووسراوێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان هەڵوەشێنرایەوە و نووسراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، داواکاری پەرلەمانتارێک سەبارەت بە هەڵوەشاندەوەی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رەتکراوەتەوە و بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەش هەڵوەشایەوە.

پێشتر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردبوو لە (1ـی ئەیلوولی 2023) بارەگای سەرەکی ئۆپەراسیۆنەهاوبەشەکان لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێک رادەستکردنەوەکەی راگرت.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای بالای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.

سکاڵاکەش لەلایەن وەسفی عاسی، سەرۆکی هۆزی عوبێد، کە لە دایکبووی شاری بەغدایە و ئێستا نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری عەرەبەکانی باشووری کەرکووک دەکات لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای رۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک دێت کە بە تەقەی هێزە عێراقییەکان چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگەلە دەستگیکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان.

دوای فەرمانەکەی سوودانیش بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.