هه‌ڤپه‌یڤینی کوردستان24 لەگەڵ هونەرمەند سه‌میح شقێر لە بەرنامەی كورد له تێڕوانینی هاوچه‌رخدا

كورد وه‌ك یه‌كێك له نه‌ته‌وه زیندووه‌كانی جیهان و ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خاوه‌نی دۆزێكی تایبه‌ته و جگه له ناوخۆ، هاوكات له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی، ناوچه‌یی و جیهانییه‌وه چه‌ندین دۆستی ئازادیخوازی هه‌یه و له‌گه‌ڵ دۆزه‌كه‌ی هاوسۆزن. هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری گۆرانی به‌تایبه‌تی یه‌كێكه له ئامرازه‌كانی ده‌ربڕین و هه‌ست و سۆز و هاوسۆزی بۆ ئه‌وانی دیكه، هونه‌ر كارلێكێكی رووحی ته‌واو له‌نێوان مرۆڤه‌كان دروست ده‌كات، له‌م سۆنگه‌یه‌وه به‌رنامه‌ی ئه‌مجاره‌ی "كورد له تێڕوانینی هاوچه‌رخدا" میوانداری سه‌میح شقێری كردووه، كه هونه‌رمه‌ندێكی عه‌ره‌به و خاوه‌ن به‌هایه‌كی دیار و به‌رزی هونه‌رییه و به بانگه‌وازه‌كانی بۆ ئازادی و یه‌كسانی و هاوتایی له نێوان پێكهاته‌كاندا ناسراوه، گۆرانیی بۆ هه‌موو ئازادیخوازێك له هه‌موو شوێنێك چڕیوه و به‌شداری خه‌م و ناخۆشییه‌كانیان بووه. شقێر له‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی كوردستان24 ده‌داته‌وه و سه‌رنج و تێڕوانینه‌كانی خۆی ده‌خاته‌ڕوو.
كوردستان24: چۆن له نه‌ته‌وایه‌تی ده‌ڕوانیت؟ تۆ پیاوێكیت له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی و، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چۆن له نه‌ته‌وه‌كان ده‌ڕوانیت؟ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه چ مانایه‌ك بۆ تۆ ده‌گه‌یه‌نێت؟
سه‌میح شقێر: پرسیارێكی گرنگ و قووڵه و پێویستی به وه‌ڵامێكی قووڵ هه‌یه، چونكه بابه‌تێكه له‌ڕاستیدا ره‌هه‌ندی لێبووردنی تێدایه. واتا تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌توانم بڵێم: له ده‌ستپێكی ژیانم من كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب بووم، به‌و مانایه‌ی وه‌فاداریم بۆ دۆخه‌كه تێیدا ده‌بینی و بۆ پێویستی ئه‌و یه‌كێتییه عه‌ره‌بییه زۆر وریا بووم.. واتا ئه‌م هیوایه كه لای زۆرێك له عه‌ره‌به‌كان هه‌یه، له‌ناخمدا زیندوو بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی رۆژگار مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و خه‌ونه‌م بۆ ده‌ركه‌وتن و له ئه‌رزی واقع دواهه‌ناسه‌یدا، ئه‌ویش كاتێك حزبه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان هاتن و په‌یڕه‌وی سه‌ركوتكارییه‌كی زۆریان به‌ناوی نه‌ته‌وه‌یی و ئیشتراكی و زۆر ناونیشانی جیاواز ده‌رهه‌ق به‌و كۆمه‌ڵگایه كرد.
كوردستان24: واتا دروشمی: "خوله‌كی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو خاوه‌ن په‌یامێكی نه‌مر؟"
سه‌میح شقێر: به‌ڵێ، به‌ڵام نه‌ته‌وایه‌تی له‌سه‌رووی ئه‌و بانگه‌وازانه‌شه‌وه بوو. ئه‌و موماره‌سه‌یه بۆ چه‌مكی نه‌ته‌وه‌یی وای لێكردم هه‌ست به‌و مه‌ترسییه شاراوه‌یه بكه‌م، كاتێك هێزێكی سیاسی به‌و دروشمه جوان و سه‌رنجڕاكیشه چه‌واشه‌كاری بكات، كه‌چی له واقعدا ده‌كرێت سه‌ركوتكاری بكات و رێچكه‌ی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌لارێدا ببات و رێگری بكات له‌وه‌ی ببێت به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بووژاوه‌ی هاوچه‌رخ و ئه‌و تاقمه ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌ركوتكارانه هه‌موو شكسته‌كانیان به نه‌هامه‌تی و ململانێكانه‌وه ببه‌ستنه‌وه.. بۆیه پێویست بوو وریای خۆگونجاندن بم له نێوان ئه‌م خه‌ونه جوانه، كه مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی هیوای بۆده‌خوازێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه له‌وانه‌یه ئه‌و دروشمه بقۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ركوتكاری به‌رده‌وام بن.
كوردستان24: واتا تۆ دژی به‌یه‌كه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و نه‌ته‌وایه‌تیی بۆ گه‌یشتن به ئامانجی سیاسی؟
سه‌میح شقێر: سه‌ركوتكاری.
كوردستان24: سه‌ركوتكاری؟! به‌ڵێ، وایه ئه‌مه. واتا ئه‌گه‌ر خۆپارێزی له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی توندوتیژیی نه‌ته‌وه‌یی بێت!!
سه‌میح شقێر: به‌ڵێ وایه. واتا پێویستیی به وریاییه. دوای هیوایه‌كی گه‌وره بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌و بابه‌ته. گه‌یشتمه ئه‌و راستیه‌ی كه سووربوون بوون له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ونه شتێكی ئاساییه، به‌ڵام پێویستی زۆر زۆری به وریایی هه‌یه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌و خه‌ونه بقۆزنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات سه‌ركوت بكات.. هه‌روه‌ك چۆن به‌ر له 50 بۆ 60 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستمان پێكرد.
كوردستان24: به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌مه وه‌لامی پرسیاره‌كه له‌باره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ناداته‌وه. واتا له ئه‌نجامی كاردانه‌وه‌دا نییه كاتێك سیاسه‌تێكی نه‌رێنی له نه‌ته‌وه‌یه‌ك وه‌رده‌گرین یانیش نه‌ته‌وه‌كان هه‌ڵوێستێكی دژبه‌رانه‌یان هه‌بێت، بەڵام ئەمە هەستەکانت بەرامبەر نەتەوەکانی تر نا وروژێنێت، واتا كاتێك سیاسه‌تێكی نەرێنی نه‌ته‌وه‌یی یانیش هەڵوێستێکی دوژمنکارانە له نه‌ته‌وه‌كانه‌وه هبێت، هیچ کاردانەوەیەك لای نه‌ته‌وه‌كانی دیكه دروست ناكات!!
سه‌میح شقێر: تۆ له‌باره‌ی نه‌ته‌وه پرسیارت لێ كردم. من لێره‌دا شتێكی دیكه ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌ستپێكی كۆمه‌ڵگه بكه‌ین، بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی چۆن بوو!! ده‌بینین هه‌ندێك شێوازی خۆپارێزی لای مرۆڤ و هاووڵاتیانه‌وه هه‌بوون.. لای خێزان، لای عه‌شیره‌ت، لای هۆز و لای مه‌زهه‌ب تا گه‌یشتن به نه‌ته‌وه.. ئه‌ویش بریتی بوو له بازنه‌ی خۆپارێزی له سه‌رده‌مانێك، كه تێیدا جۆرێك له ململانێ له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و بازنانه ده‌هاتنه ئاراوه.. واتا بازنه‌یه‌كی خۆپارێزییه، به‌ڵام به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی سه‌رده‌م شتێكی دۆزییه‌وه به ناوی ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون.. ئه‌مه له ده‌ستپێكه‌كانی سه‌رده‌می هاوچه‌رخ بوو و بیری مرۆڤایه‌تی گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه شێوازی خۆپارێزی بۆ هاووڵاتیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتیماكه‌ی نه‌بێت بۆ عه‌شیره‌ت یان گونده‌كه‌ی و،... هتد.. واتا له‌مه‌ش قووڵتر بوو و وای لێهات، ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك یاسا رێكبخرێت، كه هه‌موو خه‌ڵك تێیدا یه‌كسان بێت، ئه‌مه‌ش تونێكی نوێ و گرنگه له به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی عه‌قلی مرۆڤ، هه‌روه‌ها دادپه‌روه‌ری مرۆڤایه‌تیش.. دواتریش ئه‌و ئامانجه و داڕشتنی ئه‌و شێوازه‌ی هاووڵاتیبوون كه هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی شایسته‌ی تۆن، بۆت ده‌سته‌به‌ر ده‌كات كه جێگه‌ی ئینتیماكه‌ت بۆ ده‌گرێته‌وه و هیچ موماره‌سه‌یه‌كی ژینگه‌یی، به‌ها، رێوڕه‌سمه‌كان، ناسنامه‌كه‌ت، كولتووره‌كه‌ت و نه‌ته‌وه‌كه‌ت لێت قه‌ده‌غه ناكات.. واتا په‌لكێشی ناو ده‌مارگیریت ناكات.. لێره‌دا هیچ شتێك نییه لێت وه‌ربگیرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر هه‌وڵی سه‌ندنه‌وه‌ی بۆ بده‌یت.. واتا هاووڵاتیبوون بووه‌ته ناسنامه‌یه‌ك له سه‌رووی هه‌موو ناسنامه‌كانی دیكه و پارێزگاریش له هه‌موو ناسنامه‌كانی ژێر چه‌تری خۆی ده‌كات و ده‌رفه‌تی ژیانی پێ ده‌دات.
كوردستان24: مامۆستا سه‌میح. تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دا نییت غیابی چه‌مكی هاووڵاتیبوون بووه‌ته هۆی دڕندایه‌تی پێكهاته‌كانی ناو یه‌ك كۆمه‌ڵگه و پشت به‌یه‌كتر نه‌به‌ستنیان؟ رێگه‌م بده پێت بڵێم: كاتێك كورد له ره‌گه‌زنامه‌كه‌ی بێبه‌ش ده‌كرێت، كه ته‌نانه‌ت كورد له سووریا به‌بێ ده‌نگی له دایك ده‌بوون و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان نه‌بوو؟ هه‌روه‌ها گۆڕینی ئه‌و دیموگرافیایه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌یان كوردن؟ ته‌نانه‌ت به‌ر له شۆڕش دوای شۆڕشیش كه به چاودێری نێوده‌وڵه‌تی بوو؟ ئایا پێتوانییه غیابی ئه‌و چه‌مكه دۆخه‌كه‌ی والێكردووه؟ له‌كاتێكدا كورد بیرۆكه‌یه‌كی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوای وه‌فایه‌كی دوور له كۆمه‌ڵدا بگه‌ڕێن؟
سه‌میح شقێر: به‌دڵنیاییه‌وه. بۆ هه‌ر كارێك كاردانه‌وه‌یه‌ك هه‌یه. ئه‌و سته‌مكارییه مێژووییه‌ش ده‌رهه‌ق به كورد، به‌دڵنیاییه‌وه كاریگه‌ری ده‌بێت و ئێستاش وا له‌لایه‌ن زۆرێك له براده‌رانی كورد ئه‌وه ده‌یبینین. من له سۆنگه‌یه‌كه باس ده‌كه‌م، كه زۆریان ده‌ناسم و په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ دۆزی كورد هه‌یه و باوه‌ڕیشم به‌وه‌یه كه دۆزێكی ره‌وایه و پێشتریش گۆرانیم بۆیان چڕیوه.. له‌كاتێكدا مه‌ترسی بوو بۆ من كه ئه‌و گۆرانیانه بڵێم.. بۆیه لێره‌وه ده‌لێم: من زۆر به‌باشی له سه‌رده‌مانێكی دووره‌وه له‌و سته‌مكارییه تێگه‌یشتووم، به‌ڵام بۆ هه‌ر كارێك، كاردانه‌وه‌یه‌ك ده‌بێت.. هه‌روه‌ها هیوادارم كاردانه‌وه‌كه حاڵه‌تێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه نه‌بێت كه له ئارادایه.. واتا نه‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی دیمه‌نی هاوسه‌نگی له‌پێناو بوونی كاردانه‌وه.. ئه‌وكات مانای وایه كه من له شتێك بێبه‌شكراوم، خۆم به‌سه‌ریدا باز بده‌م بۆ ئه‌و به‌ری بابته‌كه له دۆخێكی جیاوازتر، به شێوه‌یه‌ك كه به به‌كارهێنانی مافه‌كانم سه‌ركێشی ده‌كه‌م و له‌و ئامانجه دوور ده‌ه‌ومه‌وه كه بۆ دۆخه مرۆیی و نێوده‌وڵه‌تی و هاووڵاتیبوونه‌كه پێویسته.. هه‌روه‌ها بۆ دۆخی سووریا، كه ئه‌مڕۆ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه و پێویستیی به هۆشیاریه‌كی تایبه‌ته له‌لایه‌ن هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریاوه.. واتا ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت شیرازه‌ی سووریا دابڕێژینه‌وه، كه ئه‌مڕۆ له حاڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌دایه.
كوردستان24: به‌ڵام مامۆستا سه‌میح، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ راشكاو بم، ئه‌گه‌ر هێڵه‌كانی سیاسه‌ته هه‌ڵه‌كان و سیسته‌می سیاسیمان به‌زاندن، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌وانه‌ی له توێژی ده‌سته‌بژێری ئۆپۆزسیۆنیش كه قسه ده‌كه‌ن، له حاڵێكی باشتردا نه‌بوون.. ئه‌مڕۆ كورد به چه‌ندین وه‌سف ناوزه‌د ده‌كرێت، له‌وانه‌ش: جوداخوازان و حزبی بێ باوه‌ڕ، ته‌نانه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان به هه‌ندێك ده‌سته‌واژه له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێشه‌وه ده‌كرێن.. واتا به حزبێكی كوردی ده‌گوترێت: جوداخواز، یانیش بێ باوه‌ڕ.. له‌كاتێكدا ناكرێت له مۆماره‌سه‌ی سیاسی‌دا هیچ حزب و لایه‌نێك به بێ باوه‌ڕ و جوداخواز تۆمه‌تبار بكه‌یت.. واتا به‌وه تۆمه‌تباری بكه‌یت، كه هیچ پڕۆژه‌یه‌كی نییه یانیش پڕۆژه‌یه‌كی هه‌یه به‌ڵام پێویسته هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت و ره‌خنه‌ی لێ بگریت.. هه‌روه‌ها لێره‌دا هه‌ندێك لێدوانی مه‌ترسیداریش هه‌ن، كاتێك هه‌ڵه‌ی حزبێك تێكه‌ڵ به نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لێكی دیاریكراو ده‌كرێت.. ئایا تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دا نییت كه نوخبه، مه‌به‌ستم نوخبه‌ی عه‌ره‌بییه، به‌رپرسیارێتی بچووككردنه‌وه‌ی كوردیان له ئه‌ستۆ دایه له دیمه‌نه گشتییه‌كه؟ هه‌روه‌ها بیركردنه‌وه‌یان به عه‌قلیه‌تێكی تاكڕه‌وانه؟ واتا تۆ كه مامۆستایه‌كی گه‌وره‌یت، ده‌زانیت كه به‌رده‌وام كه‌مینه‌كان بیر له حوكمی تاكڕه‌وی ده‌كه‌نه‌وه و باوه‌ڕیان وایه كه ئه‌وان به ئامانجكراون.. ئه‌و وا ده‌بینێت، كه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی گشتی مافه‌كانی ده‌سته‌به‌ر نه‌كات، جا چ سه‌ربه‌خۆیی ناسنامه‌كه‌ی، یانیش ده‌رخستنی تایبه‌تمه‌ندییه ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كانی، نه‌ته‌وه‌یی، زمان و تادوایی.. پاشەکشە دەکات و بەدوای رێگایەکی نوێ‌دا دەگەڕێیت بۆ دەربازبوون. من ده‌مه‌وێت بۆم باسی ده‌سته‌بژێری عه‌ره‌بی بكه‌یت و ده‌مانه‌وێت لێته‌وه گوێبیستی عه‌قلانیه‌تی ئه‌و گوتاره بین..
سه‌میح شقێر: به‌ڕاشكاوانه، من به‌ته‌واوی ره‌خنه له شه‌پۆله‌كه‌ی رق و كینه و ئۆپه‌راسیۆنی ده‌رهه‌ق به كورد ده‌گرم به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئیداره‌ی خۆسه‌ریان پیاده كرد.. هه‌مووشمان ده‌زانین، ئه‌و هێزانه‌ی به‌و دڕنده‌ییه هێرش ده‌كه‌ن و میدیاكانیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كارده‌هێنن، بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه شه‌پۆلداره و به‌كارهێنانی ئه‌و وه‌سفه خراپه، له‌راستیدا له‌ژێر هه‌ژموونی میزاجی توركیادان، كه له دۆخی دوژمنكاریدان له‌گه‌ڵ كورد.. ئه‌و هێزانه‌ش كه ئه‌و گێژه‌ڵۆكه به‌ڕێوه ده‌بن، په‌یڕه‌وی گیانی سیاسیی توركیا به‌رامبه‌ر به كورد ده‌كه‌ن. له‌ڕاستیدا هیواداربووم خه‌ڵكی سووریا نه‌كه‌ونه ئه‌م ته‌ڵه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه شتێكی نوێ نییه، چونكه ئێستا دۆخی سووریا گوزارشته له كۆمه‌ڵێك هێز و ئه‌مری واقع.. واتا ئێستا له سه‌رانسه‌ری سووریا هیچ شه‌رعییه‌تێك نه‌ماوه.
كوردستان24: واتا هێزی شه‌رعی!
سه‌میح شقێر: به‌ڵێ، هێزی شه‌رعی.
كوردستان24: ئێستا شه‌رعیه‌تی هێز شوێنی گرتووه‌ته‌وه؟
سه‌میح شقێر: هه‌ر له رژێمه‌وه بگره تا ده‌گاته باكووری سووریا یانیش ئیداره‌ی خۆسه‌ر، هیچ حاڵه‌تێكی هه‌ڵبژاردن نییه له‌وه دڵنیامان بكاته‌وه، ئاخۆ كێ فه‌رمانڕه‌وایی بكات و ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، كه له‌لایه‌ن گه‌له‌وه پشتیوانی بكرێت.. ته‌نانه‌ت رێگه‌م بده بڵێم: ئێمه كۆتاییمان به چیرۆكی ره‌تكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و شه‌پۆله هێناوه.. پێموایه زۆرێك له‌و رۆناكبیرانه‌ش خزاون، كه پێموابوو خۆیان له‌و میزاجه به‌دوور ده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه به‌ربه‌ستی رێگر له‌و پێشێلكارییانه، له‌وه‌ی كه هه‌ندێك هه‌ن پێشێلكاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكیان (مه‌به‌ستی كورده) هه‌ن وه‌ڵامی ئه‌و پێشێلكارییانه ده‌ده‌نه‌وه و جه‌خت له قووڵایی كورد له‌ناو شیرازه‌ی سووریا ده‌كه‌نه‌وه و كاتێكیش كه كورد ئه‌و ئیداره‌یه به‌رێوه‌ده‌به‌ن، ره‌خنه‌یان لێ ده‌گرن بۆ دۆزینه‌وه‌ی پرسی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵیان.. زیاتر له‌مه‌ش ده‌لێم: سه‌باره‌ت به ئیداره‌ی خۆسه‌ر، ئه‌و دۆخه‌ی تێیدا دروست بوو، بۆ من جێگه‌ی خۆشحاڵییه كه له رژێم جیا ببنه‌وه.. یانیش كۆنترۆڵی به‌شێكی سووریا بكه‌ن، نه‌ك رژێم كۆنترۆڵیان بكات.. به‌و مه‌رجه‌ی كه له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌و رژێمه بكوژه بچنه ده‌ره‌وه.. له‌وانه‌شه ئه‌مه ده‌ستپێكێك بێت بۆ زۆرێك له‌و ئازادیخوازانه‌ی ده‌یانه‌وێت سووریایه‌كی نوێ بونیاد بنێن.. واتا سوریای هاووڵاتیبوون.. به‌تایبه‌ت كه ئیداره‌ی خۆسه‌ر دروشمی هاووڵاتیبوون و سووریای دیموكرات به‌رز ده‌كه‌نه‌وه.. به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ی رووده‌دات.... أمممم.. لێره‌دا هه‌ندێك شت له ئزموونی ئیداره‌ی خۆسه‌ر هه‌یه كه ده‌كرێت ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت.. له‌و سۆنگه‌یه‌وه ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت، كه دیموكراتیه‌ت ده‌بێت به هه‌ڵبژاردن بێت.. له‌كاتێكدا ساڵانێكی زۆر تێپه‌ڕیوه، بۆچی تا ئێستا هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌كان به‌ڕێوه نه‌چووه؟!.. بۆچی تا ئێستا فه‌رمانڕه‌واییه‌كی حزبییانه له‌سه‌ر شێوازه كلاسیكییه راسته‌قینه‌كان هه‌یه، واتا ئه‌مه.
كوردستان24: ئه‌وان ده‌ڵێن: ئه‌مه ئه‌زموونێكی تازه له‌دایكبووه و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌ره‌وپێشبردنی تێدا بكه‌ن.
سه‌میح شقێر: ئێمه‌ش ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرین.. ئێمه ده‌ڵێین: ده‌مانه‌وێت شه‌رعیه‌تی پێ بده‌ین و خه‌ڵكیش ره‌وایه‌تیی پێ بدات، بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی به‌رزتر بێت.. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بتوانێت داكۆكی له مافه‌كانی بكات و دیموكراتی بێت.. دیموكراتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌له، واتا خۆی بۆ خۆی.. دواتریش پێویسته هه‌ڵبژاردن بكرێت.. پاشان حزبی به‌عس وه‌ك حزبێكی ئایدۆلۆژی و داخراو، كاریگه‌ری له ئێمه‌ش كردووه و هیوا بۆ ئه‌وه ناخوازین هیچ ئه‌زموونێكی هاوشێوه‌ی ئه‌و دووباره ببێته‌وه و هه‌رچه‌ند حزبه‌كان جیاوازیش بن، هیوامان وایه قه‌باره‌ی به‌شداری سیاسی گوزارشت له هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كان بكات.
كوردستان24: جه‌نابت له‌گه‌ڵ چوویته ناو ره‌خنه‌گرتن له موماره‌سه‌ی سیاسی لای هه‌ندێك له گرووپه كوردییه هه‌ڵه‌كان، به‌ڵام من و تۆ گفتوگۆمان له‌باره‌ی كاره‌كته‌ری سیاسی ده‌كرد، كه له‌راستیدا وای له ته‌واوی كۆمه‌ڵگه كردووه، دابڕان له نێوانیان دروست بێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له ره‌خنه‌گرتنی ده‌سته‌بژێری سیاسی دووربكه‌وینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر نوخبه‌ی فكری بكه‌ین.. واتا ده‌سته‌بژێری فكری كه به‌وه رازییه گه‌لێك به‌وه تۆمه‌تبار بكرێت كه بێ باوه‌ڕه.. یانیش سه‌ر به هه‌ندێك حزبی جوداخوازن، یانیش به گۆڕینی دیموگرافی و ئه‌و كۆچپێكردنه رازییه، كه له عه‌فرین روویدا.
سه‌میح شقێر: ئه‌مه به‌لای منه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی مشتومڕیدایه. واتا من قسه له‌سه‌ر گوتارێكی ژیر و لۆژكانه ده‌كه‌م، به‌ڵام گوتاری توندڕه‌وی تایفه‌گه‌ر، ئه‌وا له‌و ئاسته‌دا نییه كه گفتوگۆی له‌باره‌یه‌وه بكه‌ین.. بوونی كورد له سووریا به‌شێكی راسته‌قینه‌یه له شیرازه‌ی سووریا و ئه‌و راستییه هیچ مشت‌ومڕێك هه‌ڵناگرێت. لێره‌دا مێژوومان هه‌یه و كه‌سایه‌تی ناوداریشمان هه‌ن، كه له فه‌رمانڕه‌وایی سووریادا له هه‌موو بواره‌كاندا به‌شدار بوونه و ئێمه پێشتر تێبینی ئه‌و جیاوازیانه‌مان نه‌كردبوو، به‌ڵام هه‌میشه گوتوومه: ئه‌م فره‌ڕه‌نگییه‌ی سووریا ده‌كرێت ببێته گۆرانی.. ده‌كرێت گۆرانی و داهاتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، هزری و رۆشنبیریی لێ دروست بكرێت.. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه بۆ له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه یاریی پێكرا، ئه‌وكات ده‌بێته هۆی كێشه و ئه‌و فره‌ڕه‌نگییه ده‌گۆڕێت بۆ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ وروژاندنی ململانێ.. ئه‌مه‌ش ئه‌و رێچكه‌یه كه رژێم گرتوویه‌ته به‌ر.
كوردستان24: به‌ڵێ، رژێم هه‌میشه له‌سه‌ر بنه‌مای له‌خۆگرتن، یانیش به‌كۆیله‌كردن یاخود پڕكردنه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كان كردووه.
سه‌میح شقێر: هه‌موو كارتێكی به‌كارهێناوه و كاتی پێویستی هه‌بوو بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا، چ به‌شێوه‌ی تاك، یانیش كۆمه‌ڵ و گروپ و تادوایی.. واتا ئه‌مه بووه‌ته شتێكی زانراو.
كوردستان24: ئایا مرۆڤ كاتێك له‌دایك ده‌بێت، خۆی هه‌ڵگری بیری ره‌گه‌زپه‌رستییه و رقی بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی هه‌یه؟ یانیش كاره‌كته‌ری سیاسی رۆڵی له‌مه‌دا هه‌یه؟
سه‌میح شقێر: كولتووره‌كه وایه، واتا ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت نه‌وه‌كان په‌روه‌رده بكات.. رێبازنامه‌ی جیاوازی فێركاری هه‌ن، ته‌له‌ڤزیۆن هه‌ن، رادیۆ هه‌ن، میدیا هه‌یه.. رێبازێكی دیاریكراو هه‌یه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و بیرانه و ئه‌زموونی جیهانیش بوونی هه‌یه.. واتا چۆن گه‌لێك ده‌توانێت له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكی دیكه بچێت! یانیش قووڵكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمانی و ئه‌و یه‌كگرتنه له شیرازه‌ی ناوخۆیی.
كوردستان24: پێتوایه كۆمه‌ڵگاكانمان هه‌ڵگری كولتوورێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ن له‌نێوان خۆیاندا؟
سه‌میح شقێر: به‌ڵێ.
كوردستان24: واتا هه‌ڵگره، هۆكاری ئه‌مه‌ش بریتییه له... .
سه‌میح شقێر: مێژووه، واتا ئه‌مه مێژووه‌كی درێژه. هه‌میشه له كۆمه‌ڵگاكانمان گێڕانه‌وه‌ی پشتاوپشتی هاوته‌ریب هه‌یه.. واتا كاتێك خه‌ڵك له‌و راستییه‌دا ناژیت. واتا كاتێك من له‌ناو كۆمه‌ڵگی سووریدا ده‌جووڵێمه‌وه و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م هه‌یه هاوڕێم له سه‌رانسه‌ری وڵات هه‌بێت، ئه‌وكات هه‌ست به‌كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و گیڕانه‌وانه ناكه‌م.. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌مه بوونی هه‌یه. ته‌نانه‌ت له نێوان دوو شاری هاوسنووریش ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه هه‌یه. له نێوان دوو تایفه‌ی جیاواز بوونی هه‌یه.. با دان به‌وه‌دا بنێن، كه هه‌ندێك له گێڕانه‌وه‌كان ده‌بنه هۆی زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا.. یانیش خۆی زیاتر نمایش ده‌كات و پێیوایه ئه‌و زیاتر له‌سه‌ر حه‌قه و گرنگتره.. ده‌كرێت بڵێین ئه‌و گێڕانه‌وانه بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ئاستی هۆشیاری و بونیاتی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ ده‌سته‌به‌ری كاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و گێڕانه‌وانه و هه‌نگاونان به‌ره‌و حاڵه‌تێكی جوانتر و باشتر ده‌كات.
كوردستان24: له‌سه‌ر ئیزنت، با لێكیان جیا بكه‌ینه‌وه، با جیاكاری له نێوانیاندا بكه‌ین. ئه‌گه‌ر داوای چه‌ند خاڵێكی زانراوت لێ بكه‌ین، سه‌باره‌ت به كاره‌كته‌ری سیاسی، بۆ ئه‌وه‌ی هێرشی سه‌ر یه‌كتری نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه تێپه‌ڕێنین، جا چ عه‌ره‌ب یان كورد و ئه‌وانی دیكه بێت.. له كاره‌كته‌ری سیاسی گرنگترین خاڵ چییه، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر له‌گه‌ڵت باس له نوخبه و پاشانیش گه‌ل به گشتی بكه‌ین؟ یه‌كه‌م شت چی له‌سه‌ر كاره‌كته‌ری سیاسی پێویسته بۆ تێپه‌ڕاندنی هێرشی سه‌ر یه‌كتر؟ چ له ده‌سه‌ڵات یانیش ئۆپۆزسیۆن؟
سه‌میح شقێر: هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌رچییه‌ك بێت، پێویسته به توانا بێت له كاریگه‌ریكردن. به‌بێ بوونی ئامرازی كاریگه‌ری له میدیا و حوكمی كۆمه‌ڵگه له رێگه‌ی ئامرازه جیاوازه‌كانه‌وه، رێبازه‌كانی فێركاری، لایه‌نی رۆشنبیری و دیدگایه‌كی دیاریكراو، تۆ نا‌توانیت زۆر شت بكه‌یت. تۆ ده‌توانیت له هه‌ر خاڵێك كارێك بكه‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی نیشتمان قسه بكه‌ین، ئه‌وا ده‌كرێت هه‌ر هۆكارێكی دیاریكراو كاریگه‌ری خۆی هه‌بێت. به‌بڕوای من هه‌ر شتێك له‌وباره‌یه‌وه كاریگه‌ری بێت، ئه‌وا به‌شێكه له‌و میكانیزمه.
كوردستان24: ئێستا ده‌سته‌بژێری سیاسی، چ له ده‌سه‌ڵات یانیش ئۆپۆزسیۆن، ئه‌گه‌ر به ده‌ربڕینێكی كورت بڵێین: چی پێویسته له‌سه‌ریان بیكه‌ن؟
سه‌میح شقێر: واتا شتێك هه‌یه په‌یوه‌ندیی به حه‌ز و خولیاوه هه‌یه. له‌ده‌ستپێك: ئاستی به‌خشنده‌یی، زۆر له‌خواره‌وه‌یه. زۆر نزمتره له ئاستی پێویست. هۆشیاری سروشتی ئه‌و ململانێیه و هه‌روه‌ها هۆشیاری گرنگی كاردرن له دۆزینه‌وه‌ی هاوبه‌شییه‌كان.. ئێمه له سه‌رده‌مێكی مه‌ترسیدارداین كه له‌ڕاستیدا هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی شیرازه‌ی سووریا هه‌یه.. دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له حاڵه‌تی جه‌نگ و كۆمه‌ڵكوژی و پاكتاوی لێره‌دا هه‌ڕه‌شه هه‌یه.. دواتر هه‌ندێك حاڵه‌تی جیابوونه‌وه له باكوور و باشوور هه‌ستی پێده‌كرێت.. واتا له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه.. پاشانیش پێویسته ئه‌و هۆشیارییه‌مان هه‌بێت كه بتوانین ئه‌و لێك دووركه‌وتنه‌وه‌یه دووباره كۆبكه‌ینه‌وه.. به‌دڵنیاییشه‌وه له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو نابین، ته‌نانه‌ت به‌وه نه‌بێت كه ئه‌م رژێمه بڕووخێت.. به‌ڵام وه‌ك مه‌بده‌ء پێویسته ئه‌و دیدگایه‌مان هه‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ته‌واوی پێكهاته‌كان به‌هێز بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هاوبه‌شییه‌كان دروست بكه‌ین.. سه‌یركه ئه‌مڕۆ گفتوگۆ، گفتوگۆی خۆدزینه‌وه‌یه، واتا خۆدینه‌وه له به‌رامبه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كان.. له‌كاتێكدا هه‌موو كه‌سێك هه‌ڵه ده‌كات.
كوردستان24: به‌ڵام پێتوانییه لێره‌دا زێده‌ڕه‌وی هه‌یه له باسكردن له خۆدزینه‌وه‌ی كورد.. واتا به جوداخواز تۆمه‌تبار ده‌كرێن، چونكه وێنه‌ی كه‌سێكی دیاریكراو به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه.ز به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا له ناوچه‌كانی دیكه‌ش وێنه‌ی سه‌رۆكێكی دیكه به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و به فه‌رمانی ئه‌و ده‌جووڵێنه‌وه، به‌ڵام به‌وان ده‌ڵێن: په‌یوه‌ندیدار و به‌وانی دیكه‌ش ده‌ڵێن: جوداخواز.
سه‌میح شقێر: زێده‌ڕه‌وی هه‌یه، هه‌روه‌ها پێویسته دانی پێدا بنرێت، به‌ڵام بۆیه ره‌خنه‌م له ئیداره‌ی خۆسه‌ر گرت، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاورێ به‌رده‌وامه و هه‌میشه جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، كه پێویسته ئاگاری بونیادنانی نموونه‌یه‌ك بكه‌ن. ئێمه له سووریا دوا 2011 هه‌میشه له نموونه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی ته‌واو بێبه‌ش بووین.
كوردستان24: جێگره‌وه‌ی ره‌وا.
سه‌میح شقێر: بۆ وەڵامدانەوەی زۆرێك لە رێبازە ئەگەرییەکان و هەمیشە ئامادەکراوەکان بۆ هه‌ر دیارده‌یه‌كی نوێ، یاخود هه‌ر نوێبوونه‌وه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه و هه‌ر ده‌رچوونێك له شێواز.. لێره‌دا لێشاوێك هێرش هه‌یه و هه‌ندێك هه‌ن له‌و هێرشانه سوودمه‌ندن بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و جیاكارییه له نێوان پێكهاته‌كان.
كوردستان24: سه‌باره‌ت به ده‌سته‌بژێره‌كان، چی ئاراسته‌یان ده‌كه‌ن؟
سه‌میح شقێر: واتا ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژوویی هه‌ڵده‌گرێت بۆ دروستكردنی هۆشیاریه‌كی به‌كۆمه‌ڵی پێشكه‌وتوو.. واتا بۆ نه‌هێشتنی حاڵه‌تی پاكتاوی و گوللـه و ته‌قینه‌وه.. پێویسته له‌ناو ئه‌وه‌ی رووده‌دات، كه‌مێك سه‌ری هه‌ڵبڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بیر بكاته‌وه و ته‌نیا به‌شێك نه‌بێت له رووداوه‌كان.. پێویسته پێش رووداوه‌كان بكه‌وێت.. بۆ ئه‌وه‌ی پێش رووداوه‌كانیش بكه‌وێت، پێویسته توانای تێڕوانینی هه‌بێت.. له‌ڕاستیدا ئه‌مه ئه‌ركی رۆشنبیرانه له هه‌موو وڵاتێك.. هه‌روه‌ها من پێموایه لێره‌دا كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی زۆر روون و ئاشكرا هه‌یه. له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆری توێژی رۆشنبیران چوونه پاڵ ئه‌و شه‌پۆله هاوسۆزیه‌ی له ئارادا بوو.
كوردستان24: گوتاری پۆپۆلیستی!
سه‌میح شقێر: به‌ڵێ، به گوتاری پۆپۆلیستی، له بری ئه‌وه‌ی لێی دووركه‌ونه‌وه چوونه پاڵیان، به‌ڵام دووركه‌وتنه‌وه‌ش پێویستی به بوێری هه‌یه، چونكه له‌و ساته‌ی له شته باوه‌كان دوورده‌كه‌ویته‌وه، ده‌بێت خۆی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی توند ئاماده بكه‌یت، به‌ڵام ساتی دواتر دڵنیا ده‌بیته‌وه كه تۆ له‌سه‌ر حه‌ق بوویت.. پاشان ئه‌و ره‌وایه‌تیه‌ت ده‌بێت كه دواتر كه‌سانێكی زۆری دیكه‌ش شوێن بیرۆكه‌كه‌ت بكه‌ون.. به‌ڵام به‌بێ ئه‌و بوێرییه له خستنه‌ڕووی بیرۆكه جیاوازه‌كان له بیرۆكه‌ی باو و پۆپۆلیستی، له حاڵی خۆماندا ده‌مێنینه‌وه.
كوردستان24: گه‌ل به گشتی، رای هونه‌رمه‌ند سه‌میح بۆ پێكهێنانی هاوبه‌شییه‌كان چین له نێوان كورد و عه‌ره‌ب و ته‌واوی پێكهاته‌كانی دیكه؟
سه‌میح شقێر: گه‌لی ئێمه له باشترینی گه‌لانه، واتا وه‌ك پێم گوتی: زۆر گه‌ڕاوم و له سه‌رانسه‌ری وڵات هاوڕێی زۆرم هه‌ن.. به‌ته‌واوی د‌رك به دڵپاكی ئه‌م گه‌له ده‌كه‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ساده‌یی و دڵپاكی ئه‌م گه‌له، دركم به‌وه‌ش كردووه، كه هه‌ر كه‌سێكی باش و ساده و دڵپاك ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ بكوێته به‌ر جۆرێك له شه‌پۆلی پڕوپاگه‌نده، یانیش ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌ك تێگه‌یه‌ندرا، كه لێره ژیان یان مردن هه‌یه و یانیش لێره دراوسێكه‌ی دێت و ده‌یكوژێت، ده‌كرێت ئه‌و كه‌سه كه هه‌رچه‌ند و باش و دڵپاكیش بێت، بگۆڕدرێت و ئه‌ژدیهاكه‌ی ناو ناخی بێته ده‌ره‌وه.. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی په‌یڕه‌و كراون، به‌تایبه‌ت له‌كاتی شۆڕش، وایان لێكردین هه‌ندێك شت له‌ناو كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا ببینین، كه پێشبینیمان نه‌ده‌كردن، یانیش كه‌سانێك ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن، كه سه‌ر به كۆمه‌ڵگاكه‌مانن. به‌ڵام دواجار ئه‌مه سایكۆلۆژیای مرۆڤه و له كۆتاییدا ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری.. ده‌كرێت به‌درێژایی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك ئه‌و بیرۆكانه بخرێنه ناو مێشكیان.. من له‌و باوه‌ڕه‌شدام هه‌ر ئه‌مه بوو كه له‌سه‌ر خه‌ڵكی باش موماره‌سه كراوه و دواجار هه‌ندێك حاڵه‌تی به‌دڕنده‌بوون لێیانه‌وه ببینین. ته‌نانه‌ت لای ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه پێشتر به دڵپاكی له‌لامان ناسرابوون.. ئه‌مه له‌لایه‌ك.. گه‌ل چی ده‌وێت!؟ له‌كۆتاییدا نموونه‌ی ده‌وێت. ئه‌وان خه‌ڵكێكی ئاشتیخوازن و به راشكاوانه ده‌یانه‌وێت به سه‌لامه‌تی و كه‌رامه‌ته‌وه بژین.. سه‌یركه ئه‌مڕۆ چی له سوه‌یدا رووده‌دات، ئه‌مه نموونه‌یه. ئه‌و وێنه جوان و بێگه‌رد و سازگاره‌ی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه ببینه. ته‌نیا به له‌پێناو ره‌خساندنی دۆخێكی گونجاو بۆ ئه‌وه‌ی ئازادییان هه‌بێت، ببینه رۆژانه چ نمایشێكی جوان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
كوردستان24: هه‌روه‌ها دروشمه‌كانیان بۆ عه‌فرینیش ره‌تكرده‌وه.
سه‌میح شقێر: هه‌ڵبه‌ته وایه، من باوه‌ڕم وایه ئه‌مڕۆ سوه‌یدا نموونه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو ده‌خاته ڕوو.. چونكه لۆكاڵیبوونی خۆی تێپه‌ڕاندووه و ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئێمه له‌پێناو هه‌موو سووریا لێره‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ین، نه‌ك له‌پێناو خودی خۆمان یانیش له‌پێناو...
كوردستان24: له‌ڕاستیدا مامۆستا سه‌میح، ئه‌مه گوتاری شۆڕش بوو، له ده‌ستپێكه‌كان گه‌لی سووریا به‌یه‌كه‌وه بوون.
سه‌میح شقێر: به‌ڵێ، به‌ڵێ، له‌ڕاستیدا به‌ر له‌وه‌ی به‌لاڕێدا بچن.
كوردستان24: به‌ر له‌وه‌ی ملكه‌چی لایه‌نگری بن.
سه‌میح شقێر: به‌ڵێ، ئه‌مه‌یه كڕۆكی گه‌له‌كه‌مان كه ئه‌مڕۆ له سوه‌یدا ده‌یبینین. كاتێك به‌شێكی كه‌می ئازادیی هه‌بێت، سه‌یركه چۆن خۆی ده‌خاته‌ڕوو ده‌كات و چۆنیش له پێكهاته‌كانی دیكه و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی سووریا ده‌ڕوانێت!! پێیوایه ئه‌و به‌رپرسه له هه‌موو ئه‌و رووبه‌ره و هه‌رچی پێشكه‌شیش ده‌كات، له‌پێناو هه‌مووانه.. ئه‌مه‌یه ده‌روونی شۆڕشگێڕی راسته‌قینه.. شۆڕشگێڕ ته‌نیا له پێناو به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی شۆڕش ناكات، شۆرشگێڕ له‌پێناو كۆمه‌ڵگه شۆڕش ده‌كات.. گیانفیدایی ده‌كات و قوربانی له‌وپێناوه‌دا ده‌دات، نه‌ك ته‌نیا له‌پێناو خۆیدا.
كوردستان24: به‌داخه‌وه مامۆستا سه‌میح.. زۆرێك له ئه‌جێنداكانی شۆڕش ملكه‌چی ئیراده‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه بوونه.. له‌كاتێكدا هه‌ر خودی ئه‌و وڵاتانه‌ن كه هه‌میشه هه‌ندێك دروشم به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، به‌وه‌ی كێشه‌ی ناوخۆیی وڵاته‌كانیان هۆكاره‌كه‌ی په‌نابه‌رانی سوورین.. رێگه‌م بده با پرسیارێك له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه لێت بكه‌م.. ئێستا به سه‌دان هه‌زار په‌نابه‌ر له‌خۆ ده‌گرێت.. به‌بێ زێده‌ڕۆیی سه‌دان هه‌زار په‌نابه‌ری له كوردستان له‌خۆ گرتووه.. له هه‌رێمی كوردستان ئه‌وان وه‌ك هاووڵاتیی پله یه‌ك ده‌ژین.. بۆچی ئاماژه به‌و ئه‌زموونه نادرێت، له‌كاتێكدا له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته جۆرێك له دۆفاقیی تێدایه.. واتا په‌سه‌ندكردنێكی گه‌وره بۆ پیاده‌كردنی ئه‌جێندای ده‌وڵه‌تێك هه‌یه، به‌ڵام ره‌ت ده‌كرێته‌وه دان به ئه‌زموونێكی باشی وه‌ك ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستاندا بنرێت له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ران؟ هۆكاری ئه‌مه چییه؟
سه‌میح شقێر: به ڕای من هێشتا ئه‌زموونی ئیداره‌ی خۆسه‌ر هێشتا لێمان داواكراوه له...
كوردستان24: من باسی كوردستان ده‌كه‌م.
سه‌میح شقێر: به‌ڵێ، تۆ وه‌ك نموونه‌یه‌ك باست كرد.
كوردستان24: به‌ڵێ.
سه‌میح شقێر: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه كه بۆچی ئه‌وانی دیكه‌ش چاوی لێ ناكه‌ن.
كوردستان24: به‌ڵێ.
سه‌میح شقێر: من وا لێت تێگه‌یشتم. منیش ده‌ڵێم بۆچی وایه! چونكه نموونه‌كه‌یان به‌و كوالیتییه دروست نه‌كردووه.. پێشنیاز و بیرۆكه‌كان باشن، ئه‌مڕۆش هه‌ندێك بیرۆكه‌ی پێشكه‌وتوو زیاتر له جاران ده‌خه‌نه‌ڕوو، به ئاشكرا ده‌ستیان بۆ دیموكراتییه‌كان و سوورییه‌كان له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كانی سووریا درێژ ده‌كه‌ن.. هه‌روه‌ها جه‌ختیش ده‌كه‌نه‌وه كه هیچ نیازێكیان بۆ جیابوونه‌وه نییه و ئه‌وان خه‌ڵكی سووریا‌ن و ده‌یانه‌وێت ده‌ست بخه‌نه ناو ده‌ستی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی سووریا كه خواستیان بۆ ئازادی هه‌یه، ئه‌مه‌ش شتێكی زۆر جوانه.. به‌ڵام وه‌ك گوتم: ئه‌و نموونه‌یه‌ی هه‌یه چه‌ند تێبینییه‌ك له‌ده‌وری ده‌خولێنه‌وه، پێویسته ئاگاداری ئه‌م گۆشه‌یه بن، كه ره‌خنه‌كان ئاراسته‌ی ده‌كرێن، هیوادارم گرنگی زیاتر به‌و گرووپانه‌ی دیكه‌ش بده‌ن، كه له ده‌وروبه‌ریان هه‌ن.. واتا نه‌ك ته‌نیا به كورد، چونكه له‌و ناوچه‌یه عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی وه‌ك سریان و ئاشوورییه‌كانیش هه‌ن.. واتا پێویسته نوێنه‌رایه‌تییه‌كی باڵاتر هه‌بێت بۆ ئه‌و پێكهاته جیاوازانه، به‌و شێوه‌یه‌ی كه هه‌موو كه‌سێك هه‌ست به‌وه بكات، كه گه‌روه‌ی خۆیه له‌م ساته‌دا.. هه‌روه‌ها وه‌ك خۆم داوایان لێ ده‌كه‌م له سرووشتی ئایدۆلۆژیاكه‌یان كه‌م بكه‌نه‌وه.. چونكه له ئێستادا هه‌موو ئایدۆلۆژیه‌ته‌كان بۆ حیسابی بیرۆكه‌یه‌كی نوێ ده‌گه‌رێته‌وه.. بیرۆكه‌ی دیموكراتیه‌ت، بیرۆكه‌ی بونیادنانی وڵاتێكی هاوچه‌رخ، كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیه‌ته‌كان بونیاد نانرێت.. به‌ڵكو له‌سه‌ر به‌رنامه‌كان بونیاد ده‌نرێت، كه تێدا ئه‌م حزب و ئه‌و حزب پێشده‌كه‌ون.. هه‌روه‌ها به‌رنامه‌یه‌ك كه خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵك بكات و كار بۆ پیشكه‌وتنیان و گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتریان ده‌كات. ئه‌مه‌یه كه په‌یڕه‌و ده‌كرێت.. جا هیوادارم لێیان گوزارشتێكی باڵاتر له‌و پێكهاتانه بكه‌ن، كه له سنووری كۆنترۆڵێ ئه‌واندان.. هه‌روه‌ها زۆر حه‌ز ده‌كه‌م به‌ره‌وپێشچوون له‌و ئه‌زموونه‌یاندا بكه‌ن و سه‌یری ئه‌زموونه‌كانی دیكه بكه‌ن.. بۆ نموونه ئه‌زموونی هۆشیاری سوه‌یدا، وه‌ك گوزارشتێك له هه‌ستی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌ل كه رژێم ره‌ت ده‌كاته‌وه چاوی له كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سته‌كانی سووریایه به‌یه‌كه‌وه.. هه‌روه‌ها داواكردنی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی 2254 وه‌ك كلیلێك بۆ چاره‌سه‌ری.. هیوادارم ئه‌م ده‌ستانه یه‌كبگرن له نێوان باكوور و باشووردا و ده‌ستگرتن به‌و ئه‌ڵقه بنچینه‌ییه‌وه.. دواتر ده‌بینین كه ئه‌و نموونه‌یه‌مان خوڵقاندووه.. خودی نموونه‌كه و كوالیتی نموونه‌كه‌ن كه سه‌رنجی ئه‌وانی دیكه به‌لای خۆیاندا راده‌كیشن.. بۆیه له‌ڕ استیدا ئێمه پێویستیمان به كوالیتی نموونه‌كه‌یه.
كوردستان24: من له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستان پرسیارم لێ كردیت، كه چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ په‌نابه‌راندا كردووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گله‌ییه‌كیش بكات؟ له‌كاتێكدا هه‌ندێك وڵاتی دیكه هه‌ن، كه وێڕای ئینتیمای ژماره‌یه‌كی زۆری گرووپه‌كانی سووریا بۆیان، به‌ڵام كاتێك په‌نایان بۆ ده‌به‌یت، ده‌ڵێن: ئه‌مه كێشه‌ی په‌نابه‌رانی سوورییه.. لێره‌دا سه‌دان هه‌زار په‌نابه‌ری سووری له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن.. ئایا به‌ڕای تۆ ئه‌م ئه‌زموونه شایه‌نی پێداهه‌ڵدان نییه؟ بۆچی هاوسۆزی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه هه‌یه، كه له دۆخ و كاتی جیاوازدا جۆرێك له دژایه‌تییان بۆ خه‌ڵكی سووریا هه‌بووه، له‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌خۆ گرتووه و وه‌ك په‌نابه‌ر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كردووه، به‌ڵكو وه‌ك هاووڵاتیانی پله یه‌ك سه‌یری ئه‌وانی كردووه؟
سه‌میح شقێر: ئێمه هیوای ژیان بۆ ئه‌و رۆحیه‌ته ده‌خوازین و ئه‌و رۆحیه‌ته‌ی ته‌نیا بۆ ئه‌وانی نه‌بووه.. ئه‌وه‌ی ده‌یبینین، په‌نابه‌ران له‌وێ له دۆخێكی زۆر باشدان، ئه‌مه‌ش هه‌ستی به‌رزی مرۆڤایه‌تییه و له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره خه‌ڵك هه‌ست به برایه‌تی ده‌كه‌یت.. واتا ئه‌وانیش هه‌ر رۆڵی ئه‌م ناوچه‌یه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی سیاسی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوو دابه‌شكراون.. واتا ئه‌و سنووره گوزارشت له حه‌قیقه‌تی ئینتیمای ئه‌و خه‌ڵكه ناكات.. خه‌ڵكێكی هاوشێوه‌ی یه‌كین.. هاوشێوه‌ین له په‌روره‌ده، كولتوور، بیركردنه‌وه و هه‌موو شتێك.. دواتریش به نموونه‌یه‌كی نامۆ نایبینم، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مه‌یه نموونه‌ی جوان كه شایه‌نی پێداهه‌ڵدان و خۆپێناساندنه.
كوردستان24: من ده‌مه‌وێت داوای نموونه‌یه‌كت لێ بكه‌م بۆ هونه‌ری ئازاد.. كه له به‌رگریكردن له مرۆڤ و پرسه‌كانی رزگاربوون له سه‌ركوتكاری و زمانی ئه‌منی و سیسته‌می گشتگیر و لێكترازاندنی نه‌ته‌وه‌كان و گۆڕینی بۆ ئه‌و خه‌نده‌قه ئاگرینانه به‌كارهێنراوه، كه له هه‌ر ساتێك‌دا بێت ئه‌گه‌ری گڕگرتنیان هه‌یه.. ده‌مه‌وێت كۆپله‌یه‌ك لێته‌وه گوێبیست بم.. ئایا ئه‌مه ده‌كرێت مامۆستا سه‌میح؟
سه‌میح شقێر: به‌ڵێ ده‌كرێت. بۆچی نا! ده‌كرێت.
كوردستان24: وه‌ك هه‌نه‌رمه‌ندێك به ڕای تۆ ده‌كرێت هونه‌ر رۆڵی خۆی له به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی دژایه‌تی نێوان پێكهاته‌كاندا بگێڕێت؟
سه‌میح شقێر: هونه‌ر به سروشتی خۆی، په‌یامه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌رگریكردنه له جوانییه‌كان.. هه‌ڵبه‌ته لێكترازانیش له دژی جوانییه.. شتێكی ئاساییشه كه هونه‌ر هه‌میشه ده‌روون و گیان ئاراسته ده‌كات.. واتا ئه‌و لایه‌نێكی رۆحییه بۆ ژیان.. جا به‌دڵنیاییه‌وه كاریگه‌ری ده‌بێت و گۆرانیش وه‌ك هه‌ر ژانرێكی دیكه‌ی رۆشنبیری رۆڵی له پێكهێنانی مرۆڤدا هه‌یه.. دواتریش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌فتاره‌كه‌ی ده‌بێت.. واتا هه‌ر كه‌سێك له وییژدانیدا سه‌قامگیر بێت، له ره‌فتاره‌كه‌یدا ره‌نگ ده‌داته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ بیركردنه‌وه‌ی ره‌وشتبه‌رزی و هزری و ئینتیمائی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له‌ڕێگه‌ی ره‌فتاره‌كه‌یه‌وه ده‌یاننوێنێت و نیشانی ده‌دات، تا ئه‌و كاته‌ش كه گۆرانی له‌و بواره‌دا كاریگه‌ر بێت و تا ئه‌و كاته‌ی نموونه‌كه‌ی نموونه‌یه‌كی مرۆیی بێت، به‌ناو ورده‌كارییه‌كاندا ده‌چێته خواره‌وه و خۆشه‌ویستی بۆ ژیان ده‌خوڵقێنێت. ئه‌مه‌ش وات لێ ده‌كات به‌رگری له هه‌موو جوانییه‌كانی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه بكه‌یت. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و هه‌موو مرۆڤایه‌تی و جوانیه‌ش كه تێیدا هه‌یه، وه‌ك زه‌خیره‌یه بۆ خه‌ڵك و وه‌ك گوتم: ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر ژانرێكی دیكه‌ی رۆشنبیرییه..
كوردستان24: له ئه‌زموونی خۆتدا، تۆ چۆن توانیت هونه‌ر له خزمه‌تكردنی پرسه گه‌وره‌كاندا به‌كاربهێنیت؟ یاخود له‌ڕێگه‌یه‌وه رۆڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌یه‌ك نزیك بكه‌یته‌وه؟
سه‌میح شقێر: له راستیدا سه‌ره‌تای ئه‌زموونه‌كه‌م هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیی هه‌بوو.. چونكه ئه‌و زیاتر ره‌هه‌ندێكی په‌یامیی هه‌بوو وه‌ك له‌وه‌ی كه من ته‌نیا گۆرانی بڵێم و به‌س.. ویستم له ئه‌زموونێكدا گۆرانییه‌ك بڵێم، كه چیرۆكی راسته‌قینه بگێڕێته‌وه.. واتا شتێكی له‌خۆیه‌وه نه‌بێت و ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز نووسرابێته‌وه، یانیش باسی سۆز و خۆشه‌ویستی بكات به‌شێوه‌یه‌كی رووكه‌شی.. یانیش گۆرانییه‌كی باو بێت و له‌گه‌ڵ واقعه‌كه‌دا نه‌گونجێت یاخود له هه‌ر جۆره به‌ركه‌وتنێك و مه‌نحایه‌كی سیاسی رابكات.. كه له‌وانه‌یه باجی هه‌بێت و ئه‌ویش نایه‌وێت هیچ باجێكی بۆ بدات. جا من ویستم ئه‌و جۆره گرانییه بڵێم، كه ناواخنه‌كه‌ی هه‌ڵگری خه‌می خه‌ڵك و هیواكانی بێت و هیوا و ئومێده‌كانی له روخساری خه‌ڵكه‌وه وه‌رگیرابێت، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌واهیده‌رێكیش بم بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه.. هونه‌ر ده‌ستپێكی دامه‌زراندنی گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌یه. هه‌ر گۆرانییه‌ك واقع هه‌ڵده‌كه‌نێت، له‌پێناو...
كوردستان24: ئه‌مه مانای وایه كه ئه‌م جۆره هونه‌ره پێشتر نه‌بوو..
سه‌میح شقێر: هه‌ڵبه‌ته وایه، واتا نیگاكانی گۆرانی شتێكه وه‌ك فه‌رش راخراوه!! یانیش رووبه‌ڕووی شته ته‌م و مژاوی و چه‌واشه‌كاری و ده‌مكوتكاری ده‌بێته‌وه.. هه‌ڵبه‌ته وایه.. ئه‌مه ئه‌وه بوو كه بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ رووبه‌ڕووی بووینه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌شمان له توانای خه‌مۆكییه‌كانی كۆنه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.. واتا بۆ نموونه تۆ كه حه‌زت به كه‌روێشك بوو، پرس به كه‌سێك دكه‌یت كه به‌خێویان ده‌كات و چاودێریان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی لێوه‌رگریت.. هه‌رچی ئێمه‌ین، ئه‌مه ئامرازه سه‌ره‌كییه‌كه‌مانه و له به‌شداریكردنمان له ئاهه‌نگه‌كان ئه‌زموونی زۆرمان به‌ده‌ستهێنا، چونكه له زۆرێك له ئاهه‌نگ، شانۆ و ئزگه‌كاندا به‌شداربووین.. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌مه گه‌شتێكی دوور و درێژه كه بۆچی گوتمان یاحێف (واتا چ حه‌یفێكه!!).. یا حێف شتێكی دابڕاو نییه له رێچكه‌یه‌كی درێژ.. واتا بۆ هه‌ر شۆرشێك پێویسته به‌ریه‌ك كه‌وتنی له‌گه‌ڵ سروودێكدا هه‌بێت.. به‌دڵنیاییه‌وه سه‌رتاپای ژیانم ئاماده‌كاری بوو بۆ ئه‌و ساته جیاوازه، واتا ساتی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش.. ئه‌مه‌یه كه ده‌توانم بۆتی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی هونه‌ر به‌و بواره بگێڕمه‌وه..
كوردستان24: په‌یوه‌ندی ئێوه له‌گه‌ڵ هونه‌ری كوردی چۆنه؟ چۆن لێی ده‌ڕوانن؟
سه‌میح شقێر: من به شتێكی دابڕاو نایبینم. واتا من وا ده‌یبینم كه ئه‌ویش به‌شێكه.. بۆنموونه هونه‌رمه‌ندانی كورد له هونه‌ری ته‌شكیلیدا من به‌و چاوه سه‌یر ناكه‌م كه كوردن و به‌شێكی جیاوازن، ده‌كرێت تۆ وا بیر بكه‌یته‌وه.. به‌ڵام من وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی سووری ده‌یانبینم.. واتا وه‌ك كوردی سووریا. من به‌دوای جیاوازییه‌كاندا ناگه‌ڕێم. من ئه‌وان وه‌ك داهێنه‌رانی خۆمان سه‌یر ده‌كه‌م. ته‌نانه‌ت خۆم له ئینتیمای به‌شێك له براده‌رانم لاده‌ده‌م، كه بۆ ماوه‌ی ساڵانێكی زۆر ئه‌و ئینتیمایه‌یان هه‌بووه، به‌ڵام من له‌و سۆنگه‌یه‌وه سه‌یرم نه‌كردوون..
كوردستان24: من باسی هونه‌ری كوردی ده‌كه‌م.. به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی سووریایه یاخود عێراقی یانیش ئێرانی!
سه‌میح شقێر: له‌ڕاستیدا من جیاكاری له نێوانیاندا ناكه‌م.. له هونه‌ردا جیاكاری ناكه‌م.. بۆ نموونه په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سووریا، لێره‌دا هاوبه‌شیی زۆر له نێوانماندا هه‌یه.. ئه‌مه وه‌ك هونه‌ری ته‌شكیلی، وه‌ك گۆرانیش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من زمانی كوردی نازانم، بۆیه چێژ له میوزیكه‌كه‌ی وه‌رده‌گرم، بۆیه بۆ من مومكین نییه و له‌كاتێكیشدا به‌شداریكردنی هونه‌رمه‌ندانی كورد به كه‌ناڵ و ئیزگه‌كانه‌وه تا ئێستا لاواز بووه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خۆیان له میدیا بهێننه پێشه‌وه.. بۆیه هیوادارم هه‌وڵی زۆر بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌ربخه‌ن و كولتووره‌كه‌یان گۆرانییه‌كانیان زیاتر نیشان بده‌ن.. واتا هه‌موو مرۆڤێك له نێوان خۆی و ئه‌وه‌ی هیچ له بواره‌كه‌یدا نازانێت، جۆرێك له بۆشایی هه‌یه، به‌ڵام به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌سه‌ری، جۆرێك له تێكه‌ڵاوی له نێوانیان دروست ده‌كات.. ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌وه‌یه كه ئێمه پێویستمان پێیه‌تی.. بۆ نموونه ئه‌كته‌ره‌كان.. هه‌ڵبه‌ته جیاكاری له‌گه‌ڵیاندا ناكه‌ین.. دواتر بۆ پاش ماوه‌یه‌كی درێژ ئینجا زانیومه كه بۆ نموونه هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی وه‌ك عه‌بدولڕه‌حمان ئال راشی كورد بووه.. واتا ئه‌مه به رێكه‌وت بۆم ئاشكرا ده‌بێت.. یانیش له‌وانه‌یه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بێت كه من له‌سه‌ر ئه‌و ورده‌كارییانه رانه‌هاتبم.. واتا گوێم به زۆرێك له‌و بیركردنه‌وه ناپه‌سه‌ندانه نه‌داوه كه رووبه‌ڕووم بوونه‌ته‌وه.
كوردستان24: به‌ڵام هونه‌رمه‌ندانی كورد تۆ ده‌ناسن و تۆیان خۆش ده‌وێت.
سه‌میح شقێر: به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه من هاوسۆزم له‌گه‌ڵ دۆزه‌كه‌یان.. له سه‌رده‌مانێكی زوو و له سه‌رده‌مێكی مه‌ترسیدار پرسی ئه‌وانم خستووه‌ته‌ڕوو.
كوردستان24: چۆن؟
سه‌میح شقێر: له‌ڕێگه‌ی گۆرانی من هاوڕێیه‌كم له كوردستان هه‌یه.. كه دواجار ئه‌و گۆرانییه لای هه‌موو كوردێك له جیهان ئاشنا بوو.. واتا بۆ یه‌كتریان گواسته‌وه و هه‌ستیان به هاوسۆزیه كرد، چونكه ئه‌م هاوسۆزییه بۆ ئێمه و ئه‌وانیش شتێكی به‌نرخه.. ئه‌مه‌ش جۆرێك له تامه‌زرۆیی بۆ ئه‌و بابه‌ته دروستكرد.. بۆیه ئه‌و گۆرانییه له‌سه‌ر ئاستێكی زۆر فراوان بڵاوبووه‌وه.. من وه‌ك هونه‌رمه‌ند به زۆربه‌ی كیشوه‌ره‌كاندا گه‌ڕاوم و گۆرانیم پێشكه‌شكردوون و له وڵاتان كوردم بینیون و هه‌موویان ئه‌و گۆرانییه‌یان زانیوه و وه‌ك شنتێكی به‌نرخ گێڕاویانه‌ته‌وه و دركیان به به‌هاكه‌ی كردووه.. به‌تایبه‌ت له‌و دۆخه‌دا، كه هانده‌رێكی تایبه‌ت بوو بۆیان بۆ چاونه‌ترسی.. ئه‌وكات له‌وانه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ی گۆرانیه‌یكی به پرسی كورد بگوتبایه، رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه و ته‌حه‌دای ئه‌منی بووبایه‌وه.. ئێستا زۆر خۆم به بیركردنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و كوردی بابه‌تی له‌و جۆره‌وه سه‌قاڵ ناكه‌م.. من هاوسۆزم له‌گه‌ڵ هیوا و ئاواتی هه‌موو ئه‌و گه‌لانه، كه خه‌ون به مافه‌كانیانه‌وه ده‌بینن.. ئه‌مه شتێكی ره‌وایه.. به‌ڵام ئه‌و شته چییه كه بووه‌ته ئه‌وله‌ویه‌ت!! ئه‌وله‌ویه‌ت ئه‌وه‌یه كه ئێمه له حاڵه‌تێكی رێزدارانه‌دا بژیین.. له‌و وڵاتانه بژیین، كه دان به هه‌موو جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانماندا بنێن.. واتا ئه‌گه‌ر من له وڵاتێك بم، نه‌ته‌وه‌ی من به‌من چی كه من هه‌ژار بم و سووكایه‌تیم پێ بكرێت و بچه‌وسێندرێمه‌وه!! نموونه‌ی زۆریشمان بۆ نه‌ته‌وه‌كان هه‌ن كه خه‌ڵكی خۆیان سه‌ركوت ده‌كه‌ن.. واتا ئه‌گه‌ر باسی سووریا بكه‌ین، ئه‌و رژێمه‌ی كه هه‌یه هی سووریایه و ئه‌وه‌ی ئه‌و به خه‌ڵكی سووریای كردووه، هیچ بێگانه‌یه‌ك به‌رامبه‌ریان نه‌كردووه.. راسته په‌یوه‌ستبوونی نه‌ته‌وه‌یی شتێكی باشه و به‌ره‌وپێشچوونێكی سرووشتییه ئه‌گه‌ر بكرێت.. بۆچی ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر بكرێت!! وه‌ك چۆن تۆ بیر له نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كه‌یته‌وه، ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه نه‌ته‌وه‌یه‌كی ونبوومان هه‌یه.. واتا كوا نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب.. ئه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ك و نیوه خه‌ونی پێوه ده‌بینێت، چیی به‌سه‌ر هات!! به‌كارهێنرا و به كرداری وه‌به‌رهێنانی تێدا كرا، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تێیدا دوا بخرێت.. ئه‌و دروشمانه به‌رزكرانه‌وه و كۆمه‌ڵگه دواكه‌وت.. چونكه حزبه‌كان به‌و ناوه كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی كرد و له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵ گه‌یشته پله‌ی فاشیستی.. وێڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵگری بیری نه‌ته‌وایه‌تییه.. كه‌واته هیچ زامنێك بۆ كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی تۆ نییه كه تۆ له شوێنێك بیت كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌وێن له نه‌ته‌وه‌ی تۆ بن، به‌ڵام ده‌كرێت له‌م شوێنه یاسایه‌ك هه‌بێت كه بۆ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێت، ئه‌وكات هیچ كه‌سێك لێت ناپرسێت و تۆ ده‌توانیت به كه‌یفی خۆت سه‌ما بكه‌یت و به‌و زمانه قسه بكه‌یت، كه خۆت ده‌ته‌وێت.. زانیت چۆن!! واتا به‌و شێوه‌یه خۆمان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوودا ده‌بینینه‌وه.. هه‌ر ئه‌مه‌شه كه ئێمه به چاره‌سه‌ر بۆ سووریا ده‌زانین.. ئه‌ویش چاره‌سه‌رێكی دیموكراتییه.. چاره‌سه‌رێك كه تێیدا دان به هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌دا بنێت.. ئه‌مه شتێكی به‌رهه‌ڵستكار و دژبه‌ر نییه.
كوردستان24: واتا ته‌واوكاری!
سه‌میح شقێر: ئه‌م فره‌ڕه‌نگییه جوانه و ده‌كرێت نیگایه‌كی تایبه‌ت به‌و وڵاته ببه‌خشێت.. بۆچی له‌گه‌ڵ یه‌ك نه‌وه‌ستینه‌وه!! واتا له‌به‌رچی؟ به پێچه‌وانه‌وه.. بۆ نموونه سڵاوت لێبێت، به زمان و كولتوور و گوزارشتكردن و قه‌ده‌غه‌یه هیچ كه‌سێك سنووره‌كه‌ت ببه‌زێنێت، چ كورد، یان عه‌ره‌ب یاخود هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی دیكه بیت.. پێویسته سه‌ره‌تا تێبینی بكه‌ین، ئێمه پاسه‌وانی خه‌ونه‌كان نین، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت خه‌ون به چییه‌وه ببینێت، ئه‌وه تایبه‌ته به‌خۆیه‌وه.. به‌ڵام سه‌ره‌تا با له‌سه‌ر هاوبه‌شییه‌كانمان رێكبكه‌وین، بۆ دروستكردنی وڵاتێكی جوان و دادپه‌روه‌ر.. ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون گرنگه، كه تێیدا یاسا پارێزگاریكری له هه‌مووان بكات و هه‌موو مافه‌كانم ده‌سته‌به‌ر بكات.
كوردستان24: دوایین گوته‌ت بۆ بینه‌رانت له كه‌ناڵی كوردستان24.
سه‌میح شقێر: هه‌ڵبه‌ته سڵاوم بۆیان هه‌یه، باوه‌ڕم وایه ئه‌مه ده‌رفه‌تێك بوو بۆ په‌یوه‌ندیكردن پێیانه‌وه و هیوادارم له ئاینده‌دا په‌یوه‌ندی له‌م شێوازه نزیكترم له‌گه‌ڵیاندا هه‌بێت و بۆ مه‌به‌ستێكی هونه‌ری سه‌ردانیان بكه‌ین و گۆرانی له‌ناویان بڵێین.. لێره‌وه له‌و دیداره جوانه‌دا شڵاوم بۆیان هه‌یه، بۆ خه‌ڵكی سووریا و په‌نابه‌ران.. هه‌وڵ ده‌ده‌م بتوانم له كاتێكدا سه‌ردانیان بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه ئه‌و ئه‌زموونه مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تییه و ئابوورییه ببینم، كه ده‌گوترێت گه‌شه‌یه‌كی خێرا و پێشكه‌وتوو له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌یه.. هه‌موو هیوایه‌كم بۆ سه‌ركه‌وتن و سه‌لامه‌تیی ئه‌وان هه‌یه و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه له‌یه‌كه‌وه نزیك بین به ئاراسته‌ی سبه‌ى رۆژێكی جوانتر.