دادگای فیدراڵی جەخت لە جێبەجێکردنی خاڵێکی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی کەرکووک دەکاتەوە

شاری کەرکووک - وێنە: ئەرشیف
شاری کەرکووک - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

دوای نزیکەی ساڵێک لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، کە یەکێک لە خاڵەکان کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکە لە پەرلەمانی عێراق، رادەستکردنەوەی بارەگا داگیرکراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە، لە نوێترین بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی جەختی لەسەر کرایەوە.

یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە (27ـی تشرینی یەکەمی 2022) لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا و تێیدا ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسیی سه‌رجه‌م پارته‌ كوردستانییه‌كان له‌ پارێزگاكانی كه‌ركووك، نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌ددین و دیاله‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه‌ دووپاتكراوه‌ته‌وه‌ و كاریشده‌كات بۆ چۆڵكردنی باره‌گا داگیركراوه‌كانی پارته‌ كوردستانییه‌كان له‌و پارێزگایانه‌‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ رێگه‌خۆشكه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خێزانه‌ ئاواره‌كانی شاری كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌، كه‌ به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان چۆڵكردووه‌. 

هەروەها لەبارەی‌ رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركووك، کارنامەکەی کابینەکەی سوودانی جه‌خت له‌سه‌ر چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی بۆ شاری كه‌ركووك كراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێكهێنانی چه‌ند فه‌وجێكی فریاكه‌وتن له‌ پۆلیسی ناوخۆیی له‌ دانیشتووی ره‌سه‌نی شاره‌كه‌ بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنی دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگای كه‌ركووك و دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستییه‌ سەربازی و ئه‌منییه‌كان بۆیان.

رۆژی پێنجشەممە (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.

بە گوێرەی نووسراوێکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان هەڵوەشێندرایەوە و نووسراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، داواکاری پەرلەمانتارێک سەبارەت بە هەڵوەشاندەوەی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە پارتی رەتکراوەتەوە و بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەش هەڵوەشایەوە.

دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو جۆرە داوایە لە تایبەتمەندی کار و دەسەڵاتەکانی ئەو نییە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە و فەرمانی پێشووی خۆشی بۆ هەڵپەساردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی هەڵوەشاندووەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئەیاد کاکەیی، پارێزەر و شارەزای یاسایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بەیاسایی کردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە کە پێشتر داوای لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کردبوو بارەگاکەیان چۆڵ بکەن و رادەستی پارتی بکەنەوە.

ئەو شارەزای یاساییە جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی هیچ رێگرییەک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی ناهێڵێتەوە و دەبێت هەموو لایەنەکان رێز لە دەستوور، یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بگرن هەروەک چۆن پێشتر بۆ بڕیارەکانی ئەو دادگایەیەن بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنا با ئێستا خۆیان پابەندبن.

ئەو هەوڵانەی بەشێک لە لایەنە شۆڤێنییەکانی کەرکووک هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کەوا بڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، کە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆییە لە ساڵی 2005ـەوە لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت.

ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دەسەڵاتی شارەکەی گرتووەتە دەست، بە پشتیوانی بەشێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی حەویجە و ناوچەکانی دیکەی باشووری کەرکووک، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی کورد لە بەڕێوەبردنی شارەکە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو دژایەتییەکی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.

ئەم ترسەی عەرەبەکانی کەرکووک لە هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە کورد پێداگیری دەکات کە سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک کە ئەو سەرژمێرییە دەگەڕێتەوە بۆ پێش سیاستەکانی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی شارەکە، ئەمەش وادەکات ئەو کەسانەی لەماوەی سەردەمی رژێمی پێشوو، هەروەها دوای 2003 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2016 هاتوونەتە کەرکووک، کە لە بەڵگەنامەکانی سەرژمێری ساڵی 1957ـدا بوونیان نەبێت، ناتوانن وەک هاووڵاتی کەرکووک هەژمار بکرێن و لە هەڵبژاردندا دەنگ بدەن.

ئەم خاڵەش لە ماددەی 13ـی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەو خاڵە جێگیرکراوە کە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 یەکێک بێت لە بنەماکانی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.

رۆژی (7ـی ئەیلوولی 2023) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "دوای ئه‌وه‌ی ئیئتلافی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت پێكهات و له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك بابه‌تی سیاسی و ئابووری رێككه‌وتن كرا، هه‌روه‌ها كه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كارنامه‌ی كابینه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی كرا و له‌ پەرلەمانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ردرا بۆ جێبه‌جێكردن، به‌ڵام خاڵه‌كانی په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ جێبه‌جێنه‌كراون و رێگری له‌ جێبه‌جیكردنیان ده‌كرێت، لەوانەش یاسای بودجە و راده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی دوای ده‌ركردنی بڕیاره‌كه‌ رێگای لێگیرا و ئاڵۆزییان دروستكرد".

لە راگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی داوای گەڕانەوەی بارەگاکانی خۆی و هێزە سیاسییەكانی دیكەی لە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووك و دیالە کرد و جەختیشی کردەوە دەبێت لایەنە سیاسییەكان بە ئازادی چالاكی سیاسی خۆیان ئەنجامبدەن.

پێشتر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردبوو لە (1ـی ئەیلوولی 2023) بارەگای سەرەکی ئۆپەراسیۆنەهاوبەشەکان لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێک رادەستکردنەوەکەی راگرت.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای بالای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.

سکاڵاکەش لەلایەن وەسفی عاسی، سەرۆکی هۆزی عوبێد، کە لە دایکبووی شاری بەغدایە و ئێستا نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری عەرەبەکانی باشووری کەرکووک دەکات لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای رۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک هات، کە بە تەقەی هێزە عێراقییەکان چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگەلە دەستگیکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان.

دوای فەرمانەکەی سوودانیش بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.