ئیدارەی پارکی گراند کانیەن داوا لە سەردانیکەرانی دەکات کلیلی قوفڵی خۆشەویستی فڕێ نەدەن

وێنەی باڵندەکە و یەکێک لە پاسەوانانی پارکەکە لەکاتی لێکردنەوەی قوفڵەکان - وێنە: D. Pawlak
وێنەی باڵندەکە و یەکێک لە پاسەوانانی پارکەکە لەکاتی لێکردنەوەی قوفڵەکان - وێنە: D. Pawlak

K24 - هەولێر:

ئیدارەی پارکی گراند کانیەن (دۆڵی مەزن) لە ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمەریکا داوا لە سەردانیکەرانی پارکەکە دەکات کلیلی قوفڵی خۆشەویستی و کانزاکانی دیکە فڕێ نەدەن، بۆئەوەی ژینگە و ئاژەڵ و باڵندەکانی پارکەکە زیانیان پێنەگات.

قوفڵی خۆشەویستی یەکێکە لە شێوازەکانی دەربڕینی هەستی خۆشەویستی لەنێوان هاوژیناندا، کە هەردوو پێکەوە نوسینێک لەسەر قوفڵێکی ئاسایی دەنەخشێنن و لە شوێنێکی دیاریکراودا دایدەخەن و کلیلەکەشی لە شوێنێک ون دەکەن، جگە لەمەش نەریتێکی دیکە لەنێو خەڵکیدا هەیە کە بۆ هاتنەدی ئاواتەکانیان دراویی کانزایی فڕێ دەدەن.

ئیدارەی پارکی گراند کانیەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، داوا دەکات سەردانیکەران کلیلی قوفڵی خۆشەویستی و کانزای دیکە فڕێ نەدەن و دەڵێت، "خۆشەویستی بەهێزە بەڵام هێندەی قوفڵ‌شکێنەرەکەی ئێمە بەهێز نییە".

ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو داڵەکەرخۆرانەی لەو پارکە دەژین، هەندێک جار بەنەزانی کانزا بریقەدارەکان قوت دەدەن، کە ئەمەش کێشەی تەندروستییان بۆ دروست دەکات و مەترسی دەخاتە سەر ژیانیان.

ئیدارەی پارکەکە وێنەی تیشکی ئێکسی یەکێک لەو باڵندانەیان بڵاوکردووەتەوە کە چەند جۆرێک کانزای قوت داوە و بۆ رزگارکردنی ناچاربوون نەشتەرگەری بۆ بکەن.