ژمارەی کوژراوانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل 3300 کەسی تێپەڕاند
K24 - هەولێر
بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، ژمارەی کوژراوانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل 3300 کەسی تێپەڕاندووە و زۆرینەیان ژن و منداڵن.
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، لەنێو ئەو کەسانەی کوژراون، 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس.
لەبەرامبەردا بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.
لەلایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون و کۆچکردنی خەڵکی باکووری کەرتی غەززە بەرەو ناوچەکانی باشوور بەردەوامە.
رۆژی شەممە 7ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.