ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیرانی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ بنکەکانی دەنگدان لە پۆڵەندا بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە، بەمەبەستی هەڵبژاردنی 450 ئەندامی پەرلەمان و 100 ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پۆڵەندا، پارتی داد و یاسای دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتی ماتیوزس مۆراوسکی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای پۆڵەندا، لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە و پێکهێنانەوەی حکومەتدایە بۆ سێیەم خولی لەسەریەک.
پارتی داد و یاسای دەسەڵاتدار بەڵێنیداوە لە ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردنەکان ریفراندۆم لە پۆڵەندا ئەنجامبدات بۆ هەموارکردنەوەی یاسای پەنابەری و بەهێزکردنی سنوورەکان بەڕووی پەنابەراندا.
لەبەرانبەردا، پارتی هاوپەیمانی شارستانی بە سەرۆکایەتی دۆناڵد تەس، حکومەتی ئێستا بە گەندەڵی تۆمەتبار کردووە و، بەڵێنی چاکسازی فراوانی داوە لە سەرجەم بوارەکاندا لە ئەگەری بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکومەت.
لە هەڵبژاردنەکەدا نزیکەی 29 ملیۆن هاووڵاتیی پۆڵەندی مافی دەنگدانیان هەیە.