وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق: پێویستە هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
K24 - هەولێر
وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بە پێویستی دەزانێت، "هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان" و دەڵێت، "رێژەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق لە زیادبووندایە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئەحمەد ئەلموبەرقع، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی 'بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان' لە هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، "ئەرکی ئێمەیە کاربکەین بۆ یەکخستن و رێکخستنەوەی کۆمەڵگە و پارێزگاریکردن و بەرگریکردن لە گەنجەکانمان، بۆیە بەشێکی کارکردنی ئێمە وەکو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانە".
وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، رێژەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق لە زیادبووندایە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەکەمان هەبووە. بۆیە پێویستە رۆڵێکی دیار و بەرچاومان هەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر".
ئەحمەد ئەلموبەرقع لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، "بە گوێرەی ئەو ئەرکەی بە ئێمە ڕاسپێردراوە، هەر شتێک پەیوەندی بە گەنجانەوە هەبێت، لەوانەش ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانن، پێویستە ئێمە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، بۆیە دەبێت هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە مەترسیدارە".
هاوکات عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لەوبارەوە گوتی: "ماددە هۆشبەرەکان جێگەی نیگەرانین و پێویستە ببێتە کاری لەپێشینەی کاربەدەستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەک دیارە زیاتر گەنجان بوونەتە ئامانج و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر داهاتووی گەنجانی ئەم وڵاتە و کۆمەڵگەی مۆدێرن، لە رووی ئابووری، ئاسایش و هەموو رووێکەوە، بۆیە پێویستە پێکەوە کاربکەین و ستراتیژی هاوبەشمان هەبێت و رووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە ببینەوە، لە سەرەتادا دەبێ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان بکەین بۆ ئەوەی بزانین هۆکارەکان چین و دواتر لەسەر دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە هەوڵەکانمان یەکبخەین، چونکە لە پاڵ هەبوونی ئەو هەموو قەیرانانە ئەم قەیرانەش کاریگەری زیاتر دەکاتە سەر کۆمەڵگە، بۆیە پێویستە لەگەڵ کەسانی شارەزا راوێژ و گفتوگۆ بکەین، بۆ ئەوەی ستراتیژییەکی هاوبەشمان هەبێ و رووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە ببینەوە".
وەزیری ناوخۆی عێراق، راشیگەیاند: "بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ماددەی هۆشبەر، پێویستە هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان یەکبخەین، پلانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوکاری و هەماهەنگییە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی تر و لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانە، چونکە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لایەنێکی سەرەکییە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و لەسەر خەتین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی ئەم هەڕەشەیە، دەمانەوێت لەلایەکانی دیکەی حکومیی و ناحکومی، هەروەها لە رێگەی یاساییەوە بەپێی ماددەی ژمارە 117ی بەرەنگاربوونەوە کار بۆ رووبەڕووی هەڕەشەکانی ماددە هۆشبەرەکان ببینەوە".