شەقامی دووسایدی رەشکین کرایەوە
K24 - هەولێر
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، کردنەوەی پڕۆژەی شەقامی دووسایدی نێوان 120 مەتری و 100 مەتری بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر راگەیاند.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری گرنگمان کردەوە، پڕۆژەکەش بە دووساید کردن و بەستنەوەی شەقامی 120 مەتری بە شەقامی 100 مەترییە لە راستی گوندی رەشکین، کە پێشتر تەنها یەک ساید بوو، هەروەها دیمەنێکی ناشرینیشی بەناو جەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستان بەخشیبوو.
گوتیشی، کۆمپانیای هێمن گروپ توانی بە ماوەی دوو مانگ، ئەو شەقامە دروستبکەن کە درێژییەکەی دوو کیلۆ مەترە و پانییەکەشی 36 مەترە، هەروەها بە درێژی سێ کیلۆ مەتریش ئاوەڕۆ دروستکراوە، کە بە ماوەیەکی کەم کارەکان جێ بەجێکران.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە جێ بەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە، ئێستا هاتووچۆ زۆر بەئاسانی لەنێوان شەقامی 120 مەتری و 100 مەتری بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بۆ ناوشار ئەنجام دەدرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەهەمان کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە هەموو خزمەتگوزارییەکانی هاتووچۆی تێدایە و جوانییەکی گەورەشی بەشاری هەولێر بەخشیووە، گوتیشی: ئومێدمان وایە ئەو پڕۆژانەی کە لە ساڵی 2023 بەهۆی هەندێک لەمپەر کە رووبەرووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەوە جێ بەجێنەکراون، بتوانین لە ساڵی 2024 ئەو پڕۆژانە جێ بەجێ بکەین.