بلومبێرگ: بەردەوامی شەڕی ئیسرائیل و حەماس نرخی بەرمیلێک نەوت دەگەیەنێتە 150 دۆلار

نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە
نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە

K24 – هەولێر:

چاوەڕێ دەکرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، پاشەکشەیەک لە ئابووری جیهان بێتە پێشەوە و نرخی نەوت بەرزبێتەوە، ئەگەر چەند وڵاتێک بە ڕاستەوخۆ یاخود نا ڕاستەوخۆ بێنە نێو شەڕەکە.

رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکات لە ئەگەری ئاڵۆزتربوونی گرژییەکانی کەرتی غەززە، نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 150 دۆلار، ئەوەش وادەکات گەشەی ئابووری جیهان نزم بێتەوە بۆ 1.7% و بەرهەمی ئابووری جیهانییش نزیکەی ترلیۆنێک دۆلار پاشەکشە بکات، هەرچەندە پێشتر شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا کاریگەری زۆری کردە سەر ئابووری جیهان.

راپۆرتەکەی بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس ئاماژەی بەوە کردووە، مەترسییەکان لەسەر ئابووری جیهان زیاتر دەبن، ئەو کاتەی هێزەکانی ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێبکەن و گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و سووریاش نیازی هاتنە نێو شەڕەکەیان هەبێت.

بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس پێشبینی کردووە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سێ بۆ چوار دۆلار زیاتر نەبێت ئەگەر جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەرەو هێوربوونەوە بچێت، بەپێچەوانەوە پێشبینی ئەوەشیکردووە، لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە و فراوانبوونی بەرەی شەڕ، نرخی بەرمیلێک نەوت 150 دۆلار تێپەڕێنێت.

هەروەها بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، بەهای شیگڵی ئیسرائیلی نزمترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 2015ـەوە تۆمارکردووە، بە شێوەیەک نرخی یەک دۆلار بووە چوار شیگڵی ئیسرائیلی، ئەمەش دڵەڕاوکێی زۆری بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانان دروستکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، بین کاهیل، یەکێک لە گەورە توێژەرانی ئاسایشی وزە و گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوەندیی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز باسی لەوەکردووە، ئەگەر دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر بێت، کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بازاڕی جیهانی رەنگ دەداتەوە، "بە نموونەی کەوتنی بەهێزی بەهای شیگڵی ئیسرائیلی".

هاوکات ئێریک نێڵسن، راوێژکاری ئابووری لە یونیکریدت ئاماژەی بەوەکردووە، "نازانم بازاڕی جیهان بە رێژەیەک ئارام دەبێت یاخود نا، بارودۆخەکە پەیوەستە بە بەردەوامی شەڕەوە، وەک ئەوەی ئێستا پێشبینی دەکرێت لە چوارچێوەی خۆی بۆ ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژبێتەوە".

لەگەڵ ئەوەشدا، برۆنۆ لۆمیر مین، وەزیری ئابووری فەرەنسا هۆشداریدا لەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ببێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئابووری جیهان، ئەمەش هۆشدارییەکی راستەخۆیە لە مەترسی وڵاتە زلهێزەکان لە کاریگەرییە ئابوورییەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەرچاوەی وزەیە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان.

هەروەها شونیچی سوزوکی، وەزیری دارایی ژاپۆن نیگەرانی خۆی نیشاندا لە زیاتر ئاڵۆزبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەڵوێستی هەردوو وەزیرەکەش لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ساڵانەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی هات کە رۆژی پێنچشەممەی رابردوو لە مەراکیشی پایتەختی مەغریب بەڕێوەچوو.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 19:30ـی ئێوارەی سێشەممە) زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و 12 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

بۆ ئاگاداربوون لە نوێترین هەواڵەکان فۆڵۆی چەناڵی کوردستان24 لە واتسئاپ بکە.