کوێستان محەمەد: ئەو خولانە دەکەینەوە کە بەشداربووی خولەکان ببنە خاوەن پیشەی خۆیان

K24 - هەولێر
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە سەنتەری راهێنانی پیشەییدا لیژنەی تایبەتمەند هەیە، بۆ ئەوەی ئەو خولانە بکەنەوە کە هەلی کاری لەبازاڕدا هەیە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دهۆک رایگەیاند، لە سەنتەری راهێنانی پیشەیی ئێمەدا لیژنەی تایبەتمەند هەیە، ئەو لیژنانە پێش دەستپێکردنی هەر خولێکی راهێنان، پشکنیین بۆ بازار دەکەن، تاوەکو بزانن کامە ئیش لە بازاڕدا هەلی کارییان هەیە، بۆیە ئەو خولانە دەکەنەوە، کە بەشداربووی خولەکان ببنە خاوەن پیشەی خۆیان، ئێمەش پاڵپشتیان دەکەین بۆ ئەوەی مافەکانییان بپارێزین.
جەختیکردەوە، لەبەڕێوەبەرایەتی پیشەیی دهۆک، 27 وەرشەی جیاجیامان هەیە، ئەو 27 وەرشەیە بە بەردەوامی خولی راهێنان بۆ گەنجەکانی دهۆک و شارو شارۆچکەکانی دەورووبەری دەکاتەوە، هەروەها بەسەدان گەنج لێرە خولی راهێنانیان بینیووە.
گوتیشی: بەڕێوەبەراییەتی گشتی کارو راهێنانی پیشەیی هەوڵی دابینکردن و پاراستنی مافەکانی کرێکاران دەدەن، هەروەها بتوانن دەستەبەری کۆمەڵایەتیان بەسەردا جێ بەجێبکەن، بۆ ئەوەی دواتر خانەنشینیش ببن، وەکو هەر فەرمانبەرێک لە کەرتی گشتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەنتەری راهێنانی پیشەیی، بەڕێوەبەرایەتی کار و بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەگەڵ لیژنەکانی تەندروستی سەلامەتی پیشەیی بۆ پارساتنی ژیانی کرێکارەکان، کارەکانییان پێکەوەن و تەواوکەری یەکترن.
دەشلێت: بەرێوەبەبەرایەتییەکەمان لەم چوارساڵەدا توانیوویەتی سێ هێندەی هەموو ساڵەکانی پێشووتری کابینە یەک لەدوای یەکەکان کاربکات، ئەمانەش بە ئامار لە بەردەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دایە.