پەیمانگەی مارشاڵ پێشمەرگەیەک خەڵات دەکات

پەیمانگەی مارشاڵ پێشمەرگەیەک خەڵات دەکات
پەیمانگەی مارشاڵ پێشمەرگەیەک خەڵات دەکات

K24 - واشتن:

به‌هۆی كاریگه‌ری و رۆڵی به‌رچاوی له‌پاراستنی ژیان و سه‌لامه‌تی مرۆڤ، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ واشنتن کە سه‌ر به‌ یه‌كه‌ی (K-9) له‌لایه‌ن پەیمانگەی مارشاڵ لیگ، کە ئەرکی راهێنانە بە سەگ بۆ دۆزینەوەی مین و دابینکردنی پێداویستییەکانی پووچەڵکردنەوەی مینە خەڵاتکرا.

رێوڕەسمێکی تایبە لەلایەن پەیمانگەی مارشاڵ رێکخراو و خەڵاتی ساڵانەی بەخشییە پێشمەرگەیەک کە ئەرکی پووچەڵکردنەوەی مینە. ساجد عەبدولڕەحمان پێشمەرگەی یەکەی (K-9) تایبەت بە پووچەڵکردنەوەی مین، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم ئەو خەڵاتە وەردەگرم، ئەو خەڵاتە هەر تەنیا بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە لەگەڵ من کاردەکەن و کاری هەڵگرتنەوەی مین دەکەن".

ئاماژەی بەوەشدا، "خەڵاتەکە بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە ژیانی خەڵک لە مین و تەقەمەنی رزگاردەکەن. من هەڵبژێردرام چونکە لە مانگی پێنج لەگەڵ هاوپەیمانان بۆمبێکم دۆزییەوە کە ژیانی نزیکەی 50 کەسم رزگارکرد".

پەیمانگەی مارشاڵ لیگەسی لە ساڵی 1997ەوە دامەزراوە، بۆ پووچەڵکردنەوەی مین راهێنان بە سەگ دەکەن و پێداویستییەکانی دۆزینەوە و پووچەڵکردنەوەی مین دابینیدەکەن. پەیمانگەکە لەو وڵاتانە کاردەکات کە زۆترین کێڵگەیان مینڕێژکراون لەنێویاندا هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە، ئالیس باکر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگەی مارشاڵ بە کوردستان24ـی گوت: ئەمە رێوڕەسمێکی ساڵانەیە کە خەڵک لەگەڵ یەکتری کۆدەکەینەوە و رێز لەو کەسانە دەگرین کە بەشدارییەکی زۆر ماناداریان هەیە لە پاککردنەوەی زەوییە بە مینڕێژکراوەکان و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی تەقەمەنییەکان، ئەمساڵ زۆر دڵخۆشین کە رێز لە پاڵەوانێک و سەگەکەی دەگرین لە هەرێمی کوردستانی عێراق".

کارزان  پێشمەرگەیەکی دیکەیە کە لە ساڵی 2017 لەلایەن هەمان پەیمانگە خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشراوە، ئەمەش یەکەمجارە لە وڵاتێک دوو کەس لەماوەی کەمتر لە شەش ساڵدا لەپای کارەکانیان خەڵاتدەکرێن.

لەمبارەیەوە کارزان خالید گڕاوی، بەرپرسی یەکەی (K-9)، لە وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت: "خۆشبەختانە جارێک من بوومە باشترین تیمی ساڵ، زۆرترین کاروچالاکی ئێمە لەو شوێنانەیە کە پێشتر داعشی لێ بووە یان ئێستا داعش جموجۆڵی لێی هەیە، لەو شوێنانەی داعش جموجۆڵ دەکات، ئێمە دەچین پاکی دەکەینەوە".

گوتیشی: "ئەگەر تیمەکانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنیان هەبێت، بێگومان تیمی (K-9) بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنەکە".