ساڵانه ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق به‌رێژه‌ی سه‌دا 2.5 زیاد ده‌كات
کەی ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەگاتە 50 ملیۆن کەس؟
K24 - هەولێر:
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراقی ساڵانه ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق به‌رێژه‌ی سه‌دا 2.5 زیاد ده‌كات، به‌جۆرێك له‌ساڵی 2022دا كۆی دانیشتوانی عێراق زیاتر له 42 ملیۆن كه‌س بووه، به‌ڵام له‌ساڵی 2023 ژماره‌كه بۆ زیاتر له 43 ملیۆن كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق، رێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاریش له‌زیادبووندایه، كه به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی هه‌ژاری و بێكاری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، له‌نێوان سه‌دا 22 بۆ 25ی دانیشتوانی عێراق له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین و سه‌دا 16.5یش به‌ده‌ست بێكارییه‌وه ده‌ناڵێنن.
26 ساڵه سه‌رژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق ئه‌نجام نه‌دراوه كه دوایین سه‌رژمێری له‌ساڵی 1997 له‌كۆی 15 پارێزگای عێراق به‌ڕێوه‌چووه، ئێستا حكومه‌تی عێراق سه‌ره‌ڕای پێداگیرییه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان كه بڕیاره ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، زۆربه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه ته‌واوكردووه.
به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كانی ده‌زگای ناوه‌ندی سه‌رژمێری له وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی عێراق له‌ساڵی 2022دا له 42 ملیۆن و 248 هه‌زار و 883 كه‌س بووە و پێشبینیش ده‌كرێت ئەمساڵ گەیشتبێتە 43 ملیۆن و 324 هه‌زار كه‌س، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی ساڵانه به‌ڕێژه‌ی 2.5% ژماره‌ی دانیشتوان زیاد ده‌كات.
یه‌كێك له سووده‌كانی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق، زانینی رێژه‌ی هه‌ژارییه له وڵات‌دا، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی هه‌ژاری و بێكاری وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، له‌نێوان سه‌دا 22 بۆ 25ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدان، به‌تایبه‌تی له پارێزگای مووسه‌ننا كه رێژه‌كه سه‌دا 52 ـه‌و پارێزگای زیقاریش پله‌ی دووه‌مه به‌رێژه‌ی سه‌دا 49، له به‌سره‌ش رێژه‌ی هه‌ژاری سه‌دا 40ـه كه به‌شێكی زۆری ئه‌م هه‌ژارییه‌ش په‌یوه‌سته به نایه‌كسانی له دابه‌شكردنی سامانی وڵات و كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵییه‌وه كه خه‌ڵكه‌كه ناچارن ناوچه‌كانیان به‌جێبهێڵن.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پلانداننی عێراق پێشبینی ده‌كرێت ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق تاكو ساڵی 2030 بگاته 50 ملیۆن كه‌س، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی نیشته‌جێبوون، خوێندن، ته‌ندروستی، بێكاری و هه‌ژاری زیاتری لێده‌كه‌وێته‌وه.