یوری رانان چیرۆکی ئازاد کردنی کچەکەی و هاوسەرەکەی دەگێڕێتەوە کە بەبارمتە گیرابوون

یوری رانان
یوری رانان

K24 - هەولێر

باوکی ئەو بارمتە ئەمەریکییەی کە لەلایەن حەماسەوە ئازادکرا، ناتالی رانان لەگەڵ دایکیدا جودیت، گوتی: بیستنی هەواڵی ئازادکردنی کچەکەی "باشترین هەستە کە تا ئێستا هەستم پێکردووە".

یوری رانان بەشێک لە ئازارەکانی لە کاتی دەستبەسەرکردنی کچەکەی و دایکیدا گێڕاوەتەوە و دەڵێت: خراپترین شت ئەوەیە کە شەوانە نەخەوتم، مێشکم هەمیشە لە ئیسرائیل بووە و بەردەوام لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵ ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیوام لەدەست نەدا، نوێژم دەکرد، نوێژم کرد و چاوەڕێی ئەم ساتە بووم".

سەبارەت بە کاردانەوەکانی لەگەڵ بیستنی هەواڵی ئازادکردنی کچەکەی، رانان گوتی: هەستم بە ئاسوودەیییەکی گەورە کرد و سوپاسی خودام کرد، هیوادارم ئازادکردنی بارمتەکانی دیکەش ببینین.

باوکی ناتالی باسی لەوەش کرد، کە بۆ ماوەی دوو خولەک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کچەکەی کردووە و پێم وتووە خۆشم دەوێیت و بیرت دەکەم. دەشڵێت: قسەم لەگەڵ هاوسەری پێشووم نەکردووە، بەڵام دۆخیان باشە و دڵخۆشن.

سەبارەت بە وادەی گەڕانەوەی ناتالی و دایکی جودیت، یوری بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو بگەنەوە ئێرە، لە فڕۆکەخانە چاوەڕێیان دەکەم.

ڕەعان لە قسەکانیدا بۆ بنەماڵەی بارمتەکانی دیکەی بزووتنەوەی حەماس وتی: نوێژ بکەن و هیوای باشترینیان هەبێت.

ئاسۆشەیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، جودیت و ناتالی کە خاوەنی رەگەزنامەی ئەمەریکی و ئیسرائیلین، جگە لە وەرزی جەژنی جولەکەکان، بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی 85 ساڵەی دایکی جودیت لە شاری کیبوتس نەحال عۆز، چوونەتە ئیسرائیل و دواتر بە بارمتە کەوتنە دەستی حەماس.

بەگوێرەی کەناڵی ئێن بی سی، چەند رۆژێکە گومان دەکرا کە جودیت و ناتالی رانان لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابن، حاخامەکەیان، مێیر هێخت، پشتڕاستی کردەوە کە حکومەتی ئیسرائیل پەیوەندی بە خێزانەکەیانەوە کردووە بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە کە ئەوان لە ژیاندان.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی بی سی، بنەماڵەی ناتالی و جودیت هەواڵی رفاندنیان لەلایەن حەماسەوە لە رێگەی دراوسێیەکەوە پێگەیشتووە، کە لە پەنجەرەکەیەوە سەیری کردووە کاتێک دایک و کچەکە لە ماڵەوە دەبرێنە دەرەوە و دەچنە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە.

رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بە نێوەندگیری قەتەر، دوو بارمتەی ئەمەریکییان ئازاد کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی و هۆکاری مرۆیی.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.