16 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە گیانیان لەدەستداوە

کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک منداڵ لە غەززە (وێنە: AA)
کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک منداڵ لە غەززە (وێنە: AA)

K24 - هەولێر

ژمارەی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 16 کەس بەرزبووەوە.

ئێوارەی رۆژی هەینی، 20ـی ئۆکتۆبەری 2023، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا گیانلەدەستدانی دوو کارمەندی دیکەی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند.

راگەیەندراوەکە لەلایەن ئاژانسی فریاکەوتنی ئاوارە فەڵەستینییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە و باسیش لەوە کراوە کە دوو کارمەندی دیکەی سەربە ئاژانسەکە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی ئەو کارمەندانەیان کە لە 7ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا لە غەززە گیانیان لەدەستداوە بۆ 16 کەس بەرزبووەتەوە.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە غەززە پێویستیی بە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک ئاو، خۆراک و دەرمان هەیە و، پێویستە بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ ڕێگریی هاوکاریی مرۆیی بە ناوچەکە بگات.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە هەموو لایەنێک پابەندی یاسایی نێودەوڵەتی مرۆیی ببن و هاووڵاتیان و ژێرخانی مەدەنی و دامەزراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بپارێزرێن.

ئاماری قوربانیانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل

رۆژی هەینی، 20ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئەشرەف قودرا، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ھێرشەکانی ئیسرائیل کە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا دەیکاتە سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، بۆ چوار ھەزار و 137 کەس بەزربووەتەوە کە هەزار و 524یان منداڵن.

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین؛ هەر بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا، 13 هەزار کەس برینداربوون و زیاتر لە هەزار کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی ڕووخاوی بیناکانەوە کە زۆربەیان منداڵان. گوتیشی، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا حەوت نەخۆشخانە لە غەززە لەکارکەوتوون.

هاوکات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، به‌هۆی جه‌نگ و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل، تا ئێستا هەزار و 400 ئیسرائیلی كوژراون و زیاتر لە چوار هەزار و 500 كه‌سی دیکەش بریندارن.