کتێبی "بە ناوی کچەکانم بانگم بکەن" بڵاوده‌كرێته‌وه‌

بڵاوكردنه‌وه‌ی کتێبی "بە ناوی کچەکانم بانگم بکەن"
بڵاوكردنه‌وه‌ی کتێبی "بە ناوی کچەکانم بانگم بکەن"

K24 - هەولێر:

کتێبی "به‌ ناوی کچەکانم بانگم بکەن"، هەوڵێکە بۆ دیکۆمێنتکردنی بەشێکی کەمی تاوانه‌كانی رێکخراوی داعش، كه‌ هەندێك لەو تاوانانە لەسەر زاری پاڵەوانی نێو کتێبەکه‌، کە ئافره‌تێكی ئێزدی رزگاربووی ژێر دەستی داعشە لەگەڵ دوو لە کوڕەکانی دەگێڕدرێتەوە. ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی لێکۆڵینەوە و دادگا و بەڵگەکردنی تاوانەکان بە زانیاری زۆر گرنگ و ورد، كتێبه‌كه‌یان به‌ به‌شدارییه‌كانیان زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌.

کتێبی "به‌ ناوی کچەکانم بانگم بکەن" چه‌ندین وێستگەی جیا جیا لەخۆ دەگرێت، لە هەندێك شوێندا لەگەڵ کەشوهەوای گوندی قاپوسێی سەر بە شنگال و بەر لە شەڕ و داگیرکردنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ تێکەڵ دەبیت، هاوكات لە هەندێك شوێنی دیكه‌دا وێنەیەکی وا لە هزری خوێنەر دروست دەبێ، وەک ئەوەی فڕۆکەکان بەسەر سەرتدا بفڕن و بۆردوومانت بکەن، هه‌ندێكیش دوور بكه‌ویته‌وه‌، لە دادگاکانی ئەڵمانیادا گوێت لە دەنگی چەکوشی دادوەرە ئەڵمانییەکان دەبێت بۆ دادگاییکردنی داعشە ئەڵمانییەکان.

کارکردن لەسەر دیکۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش، بەتایبەتیش ئەو تاوانانەی دژ بە ئێزدییەکان ئەنجامی دا، کارێکی ئاسان نییە، چونکە مەتریاڵەکانی هێندە زۆرن، چەند لەسەری بنووسرێت کۆتایی نایه‌ت. کارزان حەیدەر نووسەری کتێبه‌كه‌یه‌ و لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ کارکردن لەسەر ئەو کەیسە و ته‌واوكردنی ناوه‌ڕۆكی کتێبەكه‌، بەشێکی کەمی له‌ تاوانەکانی چه‌كدارانی رێكخراوی داعشی لە چوارچێوەی گێڕانەوەی چیرۆکی ژنێکی ڕزگاربووی ژێر دەستی داعش دیکۆمێنت کردووە، لەو کتێبەوە بەشێک لە تاوانە نامرۆییه‌كانی داعش وەک فیلمێکی ترسناک دەبینی.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی پەروەردەیی خۆیدا لەگەڵ چەند کتێبێکی دیکە، کتێبی بە "ناوی کچەکانم بانگم بکەن"ـی چاپ کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا له‌ رێوڕه‌سمێكدا بڵاوی دەکاتەوە و ده‌یناسێنێت.