بێسێنت: بەهۆی هەڕەشەی کوشتن لە بنکەیەکی سەربازیدا دەژیم

وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، باسی لە سەرکەوتنی کەمپەینی گوشاری ئابووریی واشنتن بۆ سەر تاران، هەڕەشەکانی کوشتن لە دژی بەرپرسانی ئەمەریکا، و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای چینی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئەوروپا دەکات.

هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە بەرنامەی سکواک بۆکس لە کەناڵی سی ئێن بی سی ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو گورزە ئابوورییە قورسانەی لە کەرتی دارایی ئێرانیان داوە، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، ئەمەش وای کردووە بە راسپاردەی دەزگای پاراستنی نهێنی ماڵەکەی جێبهێڵێت و ئێستا لەنێو بنکەیەکی سەربازیدا نیشتەجێ بێت.

سکۆت بێسێنت رایگەیاند: "هەرگیز لە هەڕەشەکان ناترسین؛ کاتێک سەربازە ئازاکانمان لە کەنداو لە ئەرکدان و رۆژانە هەڕەشەی کوشتن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت، بۆچی من بترسم؟ ئەم هەڕەشانە نیشانەی ئەوەن کە کەمپەینی گوشاری ئابووریمان بە ناوی 'ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری' بە تەواوی کاری خۆی کردووە و سوپای پاسدارانی وەک ئاژەڵێکی برینداری گۆشەگیر لێکردووە کە هیچ دەرچەیەکی نەماوە."

لە کۆڕبەندی ئابووریی 2026یشدا، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا وردەکاریی داڕمانی دراوی ئێرانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک لە مانگی ئاداری 2025 دەستبەکار بوو، ترەمپ فەرمانی پێکرد کە بە تەواوی ئابووریی ئێران دابڕمێنێت. بێسێنت گوتی: لەو کاتەدا نرخی هەر دۆلارێک 600 هەزار ریاڵ بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە سێ ملیۆن ریاڵ و هەڵاوسان گەیشتووەتە 200%، بە جۆرێک باری ئابووری ئەوەندە نالەبارە تەنانەت چاپکردنی نرخیش لە ئێران قەدەخە کراوە.

وەزیری گەنجینە پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی سوپای پاسداران کرد و گوتی: "پیرۆزبایتان لێ دەکەم، ئەگەر وڵاتەکەتان خۆش دەوێت لەوێ بمێننەوە، چونکە چیتر ناتوانن بچنە دەرەوە؛ نە دەتوانن بچنە لەندەن بۆ بینینی خزمەکانتان، نە دەتوانن بچنە پاریس بۆ کات بەسەربردن، و نە دەتوانن سەردانی بانکەکانی جنێڤ بکەن بۆ بەسەرکردنەوەی پارە دزراوەکانتان."

لە تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکانیدا لەبارەی پێشبڕکێی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکردی چین زۆر مەترسیدارن چونکە هیچ بەربەست و سنوورێکی سەلامەتییان بۆ دانەنراوە. ئاشکرای کرد کە هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ئەم دواییەی سەر زیاتر لە 150 فرۆشگە لە فەرەنسا کە بووە هۆی کوژاندنەوەی بەفرگرەکانیان، لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە بە بەکارهێنانی مۆدێلێکی زیرەکیی دەستکردی چین.

بێسێنت دووپاتی کردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بواری ژیریی دەستکرددا لانیکەم 6 بۆ 12 مانگ لە پێش چینەوەیە و رێگری لە دزینی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی وڵاتەکەی دەکات.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئەمەریکاش، وەزیری گەنجینە دڵنیایی دا کە ژێرخانی ئابووریی ئەمەریکا زۆر بەهێزە و رایگەیاند ئێستا ئەمەریکا بە تەنیا زیاتر لە تەواوی بەرهەمی رووسیا و سعوودیە پێکەوە وزە بەرهەم دەهێنێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ترەمپ کار بۆ دروستکردنی یەکەمین پاڵاوگەی گەورەی نوێی نەوت لە براونزڤیلی ویلایەتی تێکساس دەکات، تاوەکو قەرەبووی ئەو 90 پاڵاوگەیە بکاتەوە کە لە ساڵانی رابردوودا داخرابوون و بووبوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.