ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتە چوار هەزار و 400 کەس

K24 - هەولێر:

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، بەتەنها شەوی رابردوو بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە، 50 کەس کوژراون، بەمەش ژمارەی کوژراوان لەو شارە لە ماوەی 16 رۆژی رابردوودا گەیشتە نزیکەی چوار هەزار و 400 کەس، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار و 750 کەسیان منداڵن و 970 یان ژنن.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویشیکردەوە، لە سەرەتای پێکدادانەکانی حەماس و ئیسرائیلەوە، نزیکەی 90 کەس لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە، کەتیبەکانی قەسام ئاشکرایکرد، لەوەڵامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، دەیان مووشەکییان ئاڕاستەی سەنتەری تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل کردووە.

هاوکات، 100 کۆنگرێسمانی ئەمەریکی سەبارەی بە ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە یاداشتێکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کرد و داوایان کرد بۆ رێگریکردن لە رشتنی خوێنی خەڵکی بێتاوان هەنگاوی بەپەلە هەڵبگرێت.

بەرەبەیانی رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس لە ئاسمان و وشکانی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و، پێنج هەزار مووشەکەی ئاڕاستەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە کرد.

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.