زە تایمس: سەرکردەیەکی حەماس لە ناوچەیەکی جوولەکەنشینی لەندەن نیشتەجێیە
K24 - هەولێر:
رۆژنامەی (زە تایمس)ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس ئێستا لە ناوچەیەکی جوولەکەنشین لە لەندەن نیشتەجێیە.
رۆژنامە بەریتانییەکە بڵاویکردەوە، محەممەد قاسم (تەمەن 62 ساڵ)، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حەماس، لە ساڵی نەوەدەکان بە نهێنی کەرتی رۆژئاوای فەڵەستینی بەجێهێشتووە و بە پاسپۆرتی کەسێکی نزیکی چووەتە دەرەوەی وڵات.
بەپێی تۆمەتێکی وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە ساڵی 2004، محەممەد قاسم دوای ئەوەی رەگەزنامەی بەریتانی بەدەستهێناوە، بەردەوام بووە لە کارکردن بۆ حەماس و بەشداری کردووە لە داڕشتنی پلانی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل و سپیکردنەوەی پارە بۆ بزووتنەوەکە.
زە تایمس ئاماژەی بەوەشداوە، محەممەد قاسم کە باوکی چوار منداڵە، لەگەڵ هاوسەرەکەی، سەوسەن لە ساڵی 2003 لە خانوویەکدا ژیاون لە باکووری لەندەن، لە 2021ـیش بە 320 هەزار و 700 پاوەند خانووەکەیان کڕیوە کە دەکاتە 389 هەزار و 682 دۆلار.
بارنێت، ئەو ناوچەیەی سەرکردەکەی حەماس و هاوسەرەکەی لێی نیشتەجێن، دووەم گەورەترین ناوچەی لەندەنە کە نزیکەی 56 هەزار و 616 هاووڵاتی جوولەکە تێیدا نیشتەجێن.
باری راولینگز، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی بارنێت لەوبارەیەوە رایگەیاند، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەیان راسپاردووە، کە پێداچوونەوە بە مێژووی ئەو کەیسەدا بکەن و رێکاری یاسایی بگرنە بەر.
گوتیشی: لە دوای پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمەڵگەکەمان پێویستی بە دڵنیاییەکی زیاتر هەیە سەبارەت بەم کەیسانە.
ئەفسەرانی یەکەی نیشتمانی لێکۆڵینەوە لە پارەدارکردنی تیرۆر رایانگەیاند، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، تا ئێستا هیچ رێکارێک دژی ئەو کەسە نەگیراوەتە بەر.