حەمید کیفائی: ئیسرائیل دەست بە هێرشی زەمینی بکات بۆ سەر غەززە زیانێکی زۆری پێدەگات

حەمید کیفائی، توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی
حەمید کیفائی، توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی

K24 - هەولێر:

توێژەر و شرۆڤەکارێکی سیاسی، رایدەگەیەنێت، لە بەرژەوندی عێراقدا نییە بەشداری جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بکات، چونکە سوپای عێراق لەو ئاستەدا نییە بتوانێت بەرگری بکات. هاوکات گوتیشی: ئەگەر ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە ئەنجام بدات بە ئەگەرێکی زۆر حزبوڵڵا و گرووپی چەکداری دیکە بەشداری دەکەن لە جەنگەکە.

حەمید کیفائی، توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، لەبارەی ئەگەری بەشداری عێراق لە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل رایگەیاند، هاتنە ناوەوەی عێراق بۆ ئەم جەنگە هیچ لە بەرژەوندی عێراق نییە، دۆسییەکە ملاملانێ و لە بارودۆخێکی خراپ دایە و، عێراقیش خۆی هیچی لەدەست نایەت سەبارەت بەو دۆخە ئەنجامی بدات، بە دیاریکراوی لە رووی سەربازییەوە.

هاوکات راشیگەیاند، ئەمەریکا بەڵێنی بە ئیسرائیل داوە کە بیانپارێزن، ئەمەش هەڵوێستێکە کە کۆمەڵگەی عەرەبی قبوڵیان نییە، بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل نزیکەی پێنج هەزار کەسی سڤیلی لە غەززە کوشتووە.

هاوکات لەبارەی بەرەی بەرگریکردن لە جەنگەکەدا ئاماژەی بەوەدا، ئەم گرووپە چەکدارانەی کە ناویان لەخۆیان ناوە بەرەی بەرگریکردن پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەیە بڕیارەکانیشیان پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، هەروەها پێویستە گرووپە چەکدارەکانی عێراق نەچنە ناو ئەو ململانێیە، پێویستە ئەو گرووپە چەکدارانە فەرمان لە سوپای عێراق و حکومەتی عێراق وەربگرن، نابێت فەرمان لە ئێران وەربگرن، بەڵام لە ئێستادا حزبوڵڵا فەرمان لە ئێران وەردەگرێت بۆیە پێشبینی کراوە بچێتە ناو ئەو جەنگە.

ئەو توێژەر و شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: ئەگەر ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق بەبێ فەرمانی سوپای عێراق و حکومەتی عێراق بچنە ناو ئەم جەنگە دەبێت بە یاخی لەقەڵەم بدرێن.

حەمید کیفائی، لەبارەی فراوانبوونی جەنگی نیوان حەماس و ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئەم شەڕە لە کاتێکدا فراوانتر دەبێت ئەگەر هاتوو ئیسرائیل بچێتە ناو غەززەوە هێرشی زەمینی دەست پێبکات و کوشتاری زیاتر بکات  لەو ناوچەیە، ئەو کاتی جەنگەکە فراوانتر دەبێت و رەنگە حزبوڵڵا و کۆمەڵێک گرووپی چەکداری دیکە بچنە ناو ئەو شەڕە، هەروەها ئیسرائیل زیانی زیاتری پێدەگات ئەگەر دەست بە هێرشی زەمینی بکات.

ئەو توێژەر و شرۆڤەکارە سیاسییە باسی هۆکاری دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، سەرەتا حەماس جەنگی دەستپێکرد، هەروەها گرژی نێوان چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل شتێکی نوێ نییە، لە کۆنەوە ململانێیان لەنێوان هەبووە و چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی. گوتیشی: لە ئێستادا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی عەرەبی شتێکی مەحاڵە، هەروەها حەماس رەنگە مەبەستی بووبێت لە رێگەی دەستپێکردنی جەنگ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان شکست پێبهێنێت.

حەمید کیفائی، روونیکردەوە، پێشتر هاوسۆزییەک هەبوو  لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بۆ حەماس، بەڵام دوای دەسپێکردنی هێرشەکانی و بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل هاوسۆزی خۆرئاوای لەخۆی دوورکردەوە، هەروەها ئیسرائیلیش هاوشێوەی حەماس هاووڵاتیی زۆرێک سڤیلی کردە ئامانج ئەویش بە هەمان شێوەی هاوسۆخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەستداوە هاوکات لە ئێستادا چەند جووڵانەوەیەک لە بەریتانیا، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە بۆ ئەوەی پشتگیری فەڵەستین بکرێت لەلایەن خەڵکەوە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 16 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 651 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 873ـیان منداڵن و هەزار و 23ـیان ئافرەتن و 187ـیان بە ساڵاچوون و 14 هەزار و 245 کەسی دیکەش برینداربوون.

تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 70%ـی قوربانییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ژن و منداڵن.