هیوا ئەفەندی بۆ کوردستان24: 106511 مووچەخۆر لە پرۆژەی هەژماری من تۆمارکراون

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بۆ بە دیجیتاڵکردنی پرۆسەی پێدانی مووچە بە زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی هەژماری من بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و تا ئێستا 106 هەزار و 511 مووچەخۆری دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون بۆ ئەوەی کارتی بانکییان بۆ دروستبکرێت.

رۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە کۆی 108 هەزار و 307 مووچەخۆری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی یەکەم، تا ئێستا 106 هەزار و 511 مووچەخۆر تۆمارکراون و کارتی بانکییان بۆ دروست دەکرێت هەروەها لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەی رابردووشدا 79 هەزار مووچەخۆر تۆمارکراون و 21 هەزار و 144 مووچەخۆریش داتاکانیان بۆ بانکەکان ئامادەیە تا هەژماری بانکیان بۆ دروستبکرێت".

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ئاشکرای کرد، لە کۆی ئەو ژمارەیەی ئامانجی ئەم قۆناغەی پرۆژەی هەژماری منە، 24 هەزار و 855 کەس بە رێژەی 13.34% مووچەخۆری سەربازیین، هەروەها 161 هەزار و 452 کەس بە رێژەی 86.66%ـیش مووچەخۆری مەدەنین.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی مێ تاوەکو ئێستا لە پرۆژەی هەژماری من دەگاتە 33.46% کە دەکاتە 62 هەزار 344 مووچەخۆرن لە بەرامبەردا رێژی نێر بریتییە لە 66.45% کە دەکاتە 123 هەزار و 963 مووچەخۆر.

لەبارەی فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانەی لە پرۆژەی هەژماری من بەشدارییان کردووە تاوەکو ئێستا، هیوا ئەفەندی روونیکردەوە، 52 هەزار کەس لە وەزارەتی پەروەردەن، 24 هەزار و 855 کەس لە وەزارەتی پێشمەرگەن، 20 هەزار و 59 کەس لە وەزارەتی ناوخۆن، 19 هەزار و 143 کەس لە وەزارەتی تەندروستین، 12 هەزار و 656 کەس لە وەزارەتی خوێندنی باڵان، شەش هەزار و 929 کەس لە وەزارەتی کشتوکاڵن، 20 هەزار و 799 کەس لە وەزارەتی شارەوانین، شەش هەزار و 549 کەس لە وەزارەتی دارایین و پێنج هەزار و 934 کەس لە وەزارەتی کارەبان.

هیوا ئەفەندی باسی لەوەشکرد، ئەو مووچەخۆرانەی تاوەکو ئێستا لە پرۆژەی هەژماری من بەشداربوونە، 111 هەزار و 119 کەسیان سەر بە گەنجینەی هەولێرن و 20 هەزاریان سەر بە گەنجینەی سۆرانن، 16 هەزاریان سەر بە گەنجینەی هەرێمن و 10 هەزاریان سەر بە گەنجینەی کۆیە و 27 هەزاریش لە هێزە سەربازییەکانن.

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ئاماژەی بەوە کرد،پ رۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموویان لە رێگەی ئەو سیستەمە بانکییەوە، بتوانن مووچەکانیان وەربگرن.

دوای سەرکەوتنی هەنگاوی یەکەمی تاقیکاری پرۆژەی هەژماری من لە مانگی ئاداری رابردوو، تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی هەژماری من.

وەک هەنگاوی سەرەتاش دوو بانکی کەرتی تایبەت بەشدارییان کردووە لە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە پرۆژەی هەژماری من و سەرپەرشتیارانی پرۆژەکەش کە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون، ئاماژەیان بەوەکردووە، هەموو بانکێکی فەرمی کە پێوەر و بنەماکانی ئەو پرۆژەیە لەخۆبگرێت، پێشوازی لێدەکرێت ببێتە بەشێک لە پرۆژەی هەژماری من.

رۆژی دووشه‌ممه‌ (16ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنێت، کە بانکی BBAC دەبێتە یەکێکی دیکە لەو بانکانەی بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، کۆی ژمارەی بانکە بەشداربووەکان لە پرۆژەی هەژماری من دەبێتە چوار بانک کە بریتین لە بانکەکانی ئارتی بانک، جیهان، ئاشوور بانک و بانکی BBAC.

رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، بەڵێنەکەمان پەرەپێدانی دارایی و ‏دەستکەوتمان، تا ئێستا 100 هەزار مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری من تۆمارکراون.

رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، یەک ملیۆن هەژماری بانکی لە ماوەی 18 مانگدا لە پرۆژەی هەژماری من بۆ مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

ئامادەکردنی/ کارزان حەیدەر