هەڵپەڕکێی کوردی پلەی دووەمی لە سانت پترسبۆرگ بەدەست هێنا
K24 - هەولێر
ئۆڵۆمپیادی باڵتیک بۆ سەما و هەڵپەرکێ جیهانیەکان لە سانت پترسبۆرگ بەڕێووە چوو، کە تێیدا کچانی رووسیا بە شایی و هەڵپەرکێی کوردی پلەی دووەمیان بە دەست هێنا.
ئەمڕۆ سێشەممە 23 تشرینی یەکەمی 2023، دکتۆر دانەر ئەبوبەکر نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئۆڵمپیادی باڵتیک بۆ سەما و هەڵپەرکێ کە لە 19ـی تشرینی یەکەم تا 22ـی تشرینی یەکەم، لە سانت پترسبۆرگ لە ئاهەنگێکی گەورە و ناوازەدا بەڕێوەچوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان بە شێوازەکانی سەمای مۆدێرن و کولتوورییە نەتەوە جیاوازەکان، بەشداریان لە هەشتەمین ئۆڵۆمپیادی سەمای باڵتیک کرد.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا گوتیشی، "زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەماکار لە هەشت وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کرد".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهێزترین سەماکار و ئەستێرەکانی سەمای جیهانی رووسی و بیانی بانگهێشتی ئەم ئۆڵمپادە کراون، هەروەها پێشانگایەکی ناوازە Dance EXPO، مەکۆیەکی سەما و وەرزشی، ماستەر کلاس و زۆر شتی تری ناوەزە پێشکەش کرا و تێیدا هەڵپەڕکێی کوردی پلەی دووەمی بەدەستهێنا.