گۆڕان: پارتی ھەڵوێستی خۆی نەگۆڕێ سیناریۆیی دیكەمان دەبێت

"ھەڵوێست و بیركردنەوەی خۆمان بە كاك فوئاد حوسێن گوتووە، ئەویش لەگەڵ كاك مەسعوود بارزانی و برادەرانی خۆیان باسی دەكات ئەویش وەڵامی وەڵامەكانی ئێمە دەدانەوە"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان سووربێت لەسەر ھەڵوێستەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان سیناریۆیی دیكەمان ھەیە.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان گوتی: " ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ھەڵوێستەكانی خۆی سووربێت، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی دیكە سیناریۆیی دیكەمان ھەیە".

گوتەبێژی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە: "پێمان باشە لەگەڵ پارتی و ھەموو لایەنە سیاسییەكان بارودۆخەكە چارەسەر بكەین، بەڵام ئەگەر ئەوە نەبوو بیرمان لە سیناریۆیی دیكە كردوەتەوە".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا شۆڕش حاجی دەڵێ: "ئێمە ھەڵوێست و بیركردنەوەی خۆمان بە كاك فوئاد حوسێن گوتووە، ئەویش لەگەڵ كاك مەسعوود بارزانی و برادەرانی خۆیان باسی دەكات ئەویش وەڵامی وەڵامەكانی ئێمە دەدانەوە".

شۆڕش حاجی ئامادەنییە وردەكارییەكان ئاشكرا بكات و دەڵێ: "ناتوانم وردەكاری دانیشتنەكان باس بكەم، بەڵام ئەوەندە دەڵێم كاك فوئاد حوسێن ھاتووە بۆ ئەوەی گوێ لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و لایەنە سیاسییەكان بگرێت كە بزانین رێگەچارەیەك ھەیە بۆ دەرچوون لەوباردۆخە چەقبەستووەی ھەرێمی كوردستان".

باس لەوەش دەكات: "ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیی تێدابێت و ھەڵوێستی خۆی بگۆڕێت ئێمەش ئامادەین لەگەڵیان دانیشین، پێموایە ئەوكات دانیشتن ئەنجامی دەبێت".