تەندروستی فەڵەستین: 12 نەخۆشخانە لە کەرتی غەززە لە خزمەتگوزاری تەندروستی وەستاون

K24 – هەولێر:
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاشکرای دەکات، 12 نەخۆشخانە لە کەرتی غەززە لە خزمەتگوزاری تەندروستی وەستاون، لە هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر دامەزراوە تەندروستیەکان، 65 کەس لە تیمەکانی تەندروستی کوژران و 25 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن تێکشکاون.
رۆژی (سێشەممە 24-ی تشرینی یەکەمی 2023)، مەی ئەلکیلە وەزیری تەندروستی فەڵەستین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە ڕامەلڵا ڕایگەیاند:"بەهۆی نەمانی سووتەمەنی، مۆلیدهكانی سێ نەخۆشخانە لە کەرتی غەززە وەستاون، راشیگەیاند:"داوای کردنەوەی ڕێڕەوی ئارام بۆ گواستنەوەی بریندار و نەخۆشە توندەکان بۆ نەخۆشخانەکانی میسر دەکەین".
هەر لە بارەی کێشە تەندروستیەکان کە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە دروستبوون، دکتۆر ئەشرەف ئەلقودرە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، زۆربهی نەخۆشخانهكانی غەززە بە تەواوی داڕوخاون.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە راشیگەیاند: "12 نەخۆشخانە و 32 بنکەی تەندروستی لە خزمەتگوزاریەکانیان وەستاون، هاوکات ترسی خۆی نەشاردەوە لەوەی نەخۆشخانەی زیاتر بەهۆی نەمانی سووتەمەنی و کردنە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل ،لە خزماتگوزاری تەندروستی بووەستن.
به گوێرهی دوایین ئاماری وهزارهتی تهندروستی فهڵهستین، 18 رۆژە جەنگ بەردەوامە و 5791 فەڵەستینی کوژراون 16297 کەسیش بریندارن .
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکانیش، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
كارزان حهیدهر