نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان: سوپای عێراق دەیەوێت ناوچەکانمان چۆڵ بکەین

محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان

K24 – هەولێر:

محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان رایدەگەیەنێت، سوپای عێراق پابەندی یاسا نابێت و دەیانەوێت زەوییەکانمان چۆڵ بکەین، ناوبراو گوتیشی: ئێمە لەسەر کارەکانمان بەردەوام دەبین.

محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، "لەسەر زەویوزاری خۆمان بووین لە کاتێکدا زانیمان هێزێکی سوپای عێراق کاتژمێر 7ـی ئێوارە هەڵیکوتایە سەر زەویوزارەکانمان و هەرچی گەنج هەبوو دەستگیریان کرد، هەروەها ئێمەیان برد بۆ بارەگای فەوج بۆ ئەوەی بەڵێننامەمان پێ پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی ئیش و کار نەکەین و دەسبەرداری ئەو زەویانە بین، بەڵام بەداخەوە سوپا کار بە یاسای ناکات".

هاوکات راشیگەیاند، سوپای عێراق نیەتیان وابوو کە دەستگیرمان بکەن، بە سوپاسەوە دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک هەموو جارێک هاتە سەر هێڵ و رزگاری کردین.

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، دەڵێت: بڕیارەکان هەن بۆ چارەسەر کردن، کۆتا جار هادی عامری هاتە ناوچەکە گرێبەستەکانی عەرەبە هاوردەکانی بە فەرمی هەموو هەڵوەشاندەوە، بەڵام سوپای عێراق لەو ناوچەیە پابەندی یاسا نابێت.

محەممەد ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەدا، سوپای عێراق دەیانەوێت ئێمە زەوییەکانمان چۆڵ بکەین و کاری کشتوکاڵی تێدا ئەنجامنەدەین، بەڵام "من لە رێگەی کەناڵەکەتان رایدەگەیەنم بە هیچ شێوەیەک ئامادە نینە زەویەکانمان چۆڵ بکەین و کاری خۆمانی تێدا دەکەین، ئەگەر ئەوانیش بە یاسا مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن قبوڵمانە، بەڵام ئەوان دەزانن ئەو کارەی ئەوان نایاساییە بۆیە ناماندەنە دادگا".

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، گوتی: لە عەرەبە هاوردەکانی ئەو ناوچەیەمان بیستوە کە دەڵێن، "ئێمە لەبەرامبەر بڕێک پارە سوپای عێراقمان کریوە و رێککەوتنمان لەگەڵیان کردووە بۆ ئەوەی جووتیارە کوردەکان لەسەر زەوی و زارەکانیان دەربکرێن".

گوتیشی: کورد خاوەنی زەوییەکانی سنوورەکەیە و ئێمە لە کاری خۆمان بەردەوام دەبین واز ناهێنین.

ئەمڕۆ سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023)، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند،"دوای ئەوەی ئەمڕۆ جووتیارانی گوندی شەناغەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان بۆ مەبەستی کاری کشتوکاڵی سەردانی زەوییەکانیان کردبوو، لەو کاتیدا هێزیکی سەربازی سوپای عێراق بە هەمەرەوە هەڵیانکوتایە سەر زەوی جووتیارە کوردەکان و داوایان لە جووتیاران کردبوو کاری کشتوکاڵی لەسەر زەوییەکانیان رابگرن، جووتیارانیش رەتیان کردبووەوە بۆیە جووتیارەکان کە ژمارەیان 20 کەس بوو، سەرجەمیان لەلایەن سوپاوە دەستگیرکران.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هاتە سەر هێل و پەیوەندی بە لایەنە سەربازیەکانی ئەم سنوورە کرد و لە ئەنجامدا سەرجەمیان ئازادکران، بەڵام وەک جووتیاران ئاماژەی پێدەکەن، سوپای عێراق ماوە ماوە هەڵدەکوتێتە سەر زەوییەکانیان، لە هەندێک شوێن هەمەری سەربازیان داناوە 24 کاتژمێر چاودێرییان دەکەن.