کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە

لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆدەبێتەوە.

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، کاژمێر 10:00، کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی سەرجەم ئەندامانی کۆمیتە لە پیرمام کۆدەبێتەوە".

وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی باسی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەندین پرسی دیکەی پەیوەندیدار بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن.

لەبارەی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتیش، ئەشواق جاف ئاماژەی بەوە کرد، "هێندەی من ئاگاداربم، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی فەرمی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی یان لایەنە سیاسییەکانی دیکە دیارینەکراوە، ئەگەر ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر درا هەڵبەتە بە راگەیەندراوی فەرمی هەموو لایەک ئاگاداردەکرێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر سەعید پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بە میدیاکانی راگەیاندبوو، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کورستان دەستپێدەکەنەوە، چونکە وەکو خۆی گوتی، "پارتی و یەکێتی دوو حیزبی گرنگی هەرێمی کوردستانن و دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین تواناکانمان بەفیڕۆ نەدەین و لەپێناو خۆشکردنی گوزارەنی خەڵکی کوردستان، ئەمن و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنین.''

گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، "پەیوەندی ئێمە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باشە، ئێمە لە سیستمێکی پەرلەمانیی فرەحیزبیدا دەژین، پارتی کار بۆ پارتی دەکات و یەکێتی بۆ یەکێتی، بۆیە ئەگەر جیاوازییەکمان هەبێت جیاوازییەکە لە ئەنجامی ئەو مونافەسەیە کە هەیە، ئێمە لە یەک پەرلەمانین، لەیەک حکومەتین، لە بەغدا، لێرە، هەروەها لەیەک بەرەداین".