بارمتە ئازادکراوەکەی ئیسرائیل لەسەر قسەکانی بۆ رۆژنامەنووسان هەڕەشەی لێدەکرێت

یوشیڤاد لیفشیتز
یوشیڤاد لیفشیتز

K24 - هەولێر

یوشیڤاد لیفشیتز، تەمەن 85 ساڵ، ئەو بارمتە ئیسرائیلییەی لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکرابوو، دواتر ئازادیان کرد، رووبەرووی هێرشی دەزگاکانی راگەیاندنی ئیسرائیلی بووەتەوە، کە گوایە قسەکانی خزمەت بە حەماس کردووە.

ئەو کەسانەی نزیکن لە لیفشیتز باس لەوە دەکەن، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، رووبەرووی شەپۆلێکی سووکایەتی و هەڕەشە بووەتەوە، هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەیە کە لە کاتی ئازادکردنیدا بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئەو کاتەی بارمتە بووە لەلایەن حەماسەوە، مامەڵەیەکی باشی لەگەڵدا کراوە، هەروەها پیاوێکی دەمامکدار دەستی گرتووە و هێناویەتی بۆ لای تیمێکی خاچی سوور، تاوەکو رادەستی ئیسرائیل بکرێتەوە.

لیفشیتز شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە لەلایەن حەماسەوە لەگەڵ ژنێکی بەساڵاچووی دیکە بە ناوی نوریت کوپەری تەمەن 80 ساڵ دوای 15 رۆژ لە بە بارمتە گرتنیان ئازاد کران، حەماسیش رایگەیاند، ئەو دوو بارمتەیە بە هۆکاری مرۆیی ئازاد کراون، چونکە "نەخۆشن".

بەهۆی قسەکانی یوشیڤاد لیفشیتز، کە بۆ رۆژنامەنووسانی کردبوو، شرۆڤەکارانی کەناڵەکان لێدوانەکانی ئەویان بە ئۆپەراسیۆنی دژە میدیایی وەسف کردووە، هەروەها تۆمەتباریان کردووە بە یارمەتیدانی حەماس و پرسیاریان کردووە، "سانسۆری سەربازی لە کوێیە؟" بۆچی رێگەی پێدەدەن ئەم لێدوانانە پەخش بکرێت؟.

یەکێک لە پەیامنێران ئاشکرای کرد، ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئیسرائیلی بینیوە کە بە گوێیدا چرپە دەکات و پێی وایە داوای لێکردووە، هیچ شتێک نەڵێت کە خزمەت بە حەماس بکات.

بەرپرسێک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەریان سوڕما لە قسەکانی ئەو بارمتە سەبارەت بە مامەڵەی باشی حەماس، ئەو لێدوانەکانی بە "زیانگەیاندن بە ئیسرائیل" وەسف کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە بەنیازی ئەوە بووبێت پەیامێک بۆ حەماس بنێرێت، بۆ ئەوەی زیان بە هاوسەرەکەی نەگەیەنن کە چارەنووسی نازانێت و لە ژێر دەستی ئەوانە.

دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی هەڕەشە و قسەی نەشیاوییان دژی بنەماڵەی ئازادکراوەکە ئەنجامدا، وەک ئەوەی تاوانبار بن، ئەوانەی کە هێرش دەکەنە سەر حەماس و بە فاشیست و نازی و داعشیان دەزانن، چونکە ژنێکی بەساڵاچوویان گرتبوو، دواتر ئەوان ژنەکەیان تۆمەتبار کرد بە خیانەت و هەڕەشەی کوشتنیان لێکرد و وشەی نەشیاوییان بەرامبەر بەکار هێناوە.

کوڕەکەی، هەوڵیدا بەرپەرچی ئەم هێرشانە بداتەوە و دەڵێت: دایکم ژنێکی راستگۆیە. لە نێو ئێمەدا بەرگەی کەسێکی راستگۆ ناگرن، ئەوان دەیانویست درۆ بکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە نیشتمانپەروەرە، بەڵام بێهیوای کردن، بەو پێیەی کەسێکی راستە و بەهێزە و نازانێت درۆ بکات، گرنگ نییە نرخەکەی چییە، ئاماژەی بەوەشکرد، "شانازی پێوە دەکەین".

لە بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"ـی ئەنجامدا و هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و بە چڕی بۆردومانی ئەو شارەی کرد، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە حەفت هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.