ئاسایشی هەولێر دوو باندی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکات
K24-هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو باندی ماددەی هۆشبەری راگەیاند، کە سەرباری ماددەی هۆشبەر چەکیشیان پێ بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکیدا دەستگیرکردنی دوو باندی بازرگانی ماددەی هۆشبەری ئاشکرا کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە دوو هەڵمەتی جیاواز شەش ئەندامی دوو باندی بازرگانیکردنی ماددەی هۆشبەری بە ناوەکانی(ر،ک،ع)،(ش،ع،ک)،(ش،ا،م)،(پ،م،ط)،(ب،م،ع)،(ع.ل،م)ـی دەستگیرکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ،هیرۆیین و حەبی ترامادۆڵ) و چەکێکی جۆری دەمانچە، ئامێری پێوانەکردن و کەلوپەلی کێشانی ماددەی هۆشبەردا گرت.
رۆژی (15ـی تشرینی یەکەمی 2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەولێر بەڕێووەچوو، تێیدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەڕەشەکانی تەشەنەکردنی خێرای ماددە هۆشبەرەکان هیچی کەمتر نییە لە مەترسی تیرۆر. ناوبراو دووپاتیشی کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سزای توندی بازرگانان و مافیاکانی سوودمەند لە بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەدات.
ئامادەکردن: کارزان حەیدەر