عومەری كەریم ئاغا چیرۆكی ژیانی هونەری خۆی بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە
K24 – هەولێر:
عومەری كەریم ئاغا، هونەرمەند و ئەكتەری بواری شانۆ و نواندن لە چاوپێكەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، زۆر لە دڵم گرانە كەسێك پێمبڵێت وازت لە كاری هونەری هێناوە یان نا، ئاماژە بەوەشدەکات، "تا لەژیاندا بم بەردەوام دەبم لەكاری هونەری".
کوردستان24: ئێستا تەندروستیت چۆنە چەند ساڵێك پێش ئێستا نەخۆش بوویت؟
عومەری كەریم ئاغا: چەند ساڵێك دەبێت نەشتەرگەری شادەماری خوێنم بۆ كراوە، لە ئێستادا تەندروستیم جێگیرە، پزیشكەكان رێنماییان كردووم دەست نەدەمە شتی قورس، گرنگی بەپێ رۆشتن بدەم.
کوردستان24: وازت لەكاری هونەری هێناوە یان نا؟
عومەری كەریم ئاغا: وازهێنام لەكاری هونەری كارێكی قورس و ئەستەمە زۆر لە دڵم گرانە كەسێك پێم بڵێت وازت لەكاری هونەری هێناوە یان نا، تا لەژیاندا بم بەردەوام دەبم لەكاری هونەری، نوێترین كارم كە بەشدارییم تێدا كردبێت درامای "تازە باو"ـە، هیچ كارێكی دیكەم نەكردووە چاوەڕێی كات دەكەم.
کوردستان24: بۆچی وازت لەبەرنامەی بەرنامە هێنا؟
عومەری كەریم ئاغا: وازم لەبەرنامەی بەرنامە نەهێنا هەموشێك تەمەنی خۆی هەیە هونەربێت یان ئەدەب، ئەو كارانەی ئەوكات لەبەرنامەی بەرنامە پێشكەش دەكرا تایبەت بوون بەوكاتە، لەگەڵ ئەوەشدا، وردە وردە بەرنامەی بەرنامە پێزی نەما، هەر بەوهۆیەوە مەبەستمان بوو لە ئاستێكدا بەرنامەی بەرنامە بوەستێت ئەوەبوو وەستا.
کوردستان24: لەلایەنی ماددییەوە تا چەند لە هونەر سوودمەند بوویت؟
عومەری كەریم ئاغا: من پارەم بەخشیووە بە هونەر، هونەر پارەی بە من نەبەخشیووە، 27 ساڵە خزمەتی هونەر دەكەم، بەردەوام چاوم لە دەستوبازووی خۆم بووە، هونەر تەنیا رێزی پێبەخشیووم، كەسانێك بەهۆی كارە هونەرییەكانمەوە رێزم لێدەگرن.
کوردستان24: دەڵێن دەنگت زۆر خۆشە و ماوەیەكش هەوڵتداوە ببیت بە گۆرانیبێژ؟
عومەری كەریم ئاغا: بۆ دەنگخۆشی ئەوە خەڵك بڕیار دەدات، پێش كاری شانۆیی ئارەزووی هونەری مۆسیقام دەكرد، بە تایبەت ئامێری شمشاڵ و ساز، جاروباریش لە هەندێك كۆڕ و كۆبوونەوە گۆرانیم دەگووت بەڵام بۆم نەڕەخسا ببمە هونەرمەند.
کوردستان24: لە فرۆشتنی كەلوپەلی دوكانەكەتدا دەڵێن تۆزیك گرانزانیت؟
عومەری كەریم ئاغا: دەتوانم بڵێم؛ پێچەوانەكەی راستە ئەگەر شاگردەكەشم شتێك بە گران بفرۆشێت رێگەم نەداوە، پێم گووتەوە ئەو كەسانەی دێنە دوكانەكەم كەسوكاری من و تۆن دەبێت خاتریان بگریت.
کوردستان24: لەگەڵ هاوسەرەكەت نێوانتان چۆنە؟
عومەری كەریم ئاغا: زۆر باشم و زۆرباش خزمەت دەكرێم و رێزم لێدەگرن.
کوردستان24: چەند جار عاشق بوویت؟
عومەری كەریم ئاغا: منیش وەك هەر كەسێكی دیكە زیاتر لە جارێك عاشق بووم، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەسێكی شەرمن بووم ئەوەی لەدڵمدا بووە دەرمنەبڕیوە، بە شاراوەیی ماوەتەوە و دەریشی نابڕم، هەرگیز نەمتوانیووە بە مەعشوقەکەم بڵێم عاشقتم!
کوردستان24: ئێستا بیری کامە هاوڕێت دەكەیت كە لەژیاندا نەماوە؟
عومەری كەریم ئاغا: بیری ئەو هاوڕێیانەم دەكەم كە لە قوتابخانە و گەڕەك و بازاڕ لەگەڵمدا بوون، بیری دایكم و سێ براكەم دەكەم، كە لە ژیاندا نەماون، بیری هونەرمەند عوسمان چێوار و دڵشاد مەریوانی دەكەم كە پێكەوە قوتابی بووین.
کوردستان24: لەگەڵ وەرزشدا چۆنیت و هاندەری چ تیپێكیت؟
عومەری كەریم ئاغا: هاندەری ریاڵ مەدریدم، زۆر ئارەزووی وەرزش و یاری تۆپی پێم دەكرد، بەهۆی تەندروستیمەوە لە ئێستادا ناتوانم یاری تۆپی پێبكەم، یاریزانی تیپی وەرزشی بێخود بووم لە شاری سلێمانی.
کوردستان24: لەكوێ لەدایكبوویت و منداڵیت چۆن گوزەراوە؟
عومەری كەریم ئاغا: لەگەڕەكی كارێزی ئەحمەد زەنگەنە لە خانووە گڵەكانی ئەوسا لە شاری سلێمانی لەدایكبووم .
کوردستان24: شەشەم بەرگی كەشكۆڵت هەیە، هیچ بەرهەمێكی دیكەت بەدەستەوەیە؟
عومەری كەریم ئاغا: بەرگی حەوتەمی كەشكۆل لە چاپدراوە كە چوارینە و شیعر و یادەوەری و بەسەرهاتی ژیانی خۆمی تێدایە، بەناوی كەشكۆڵی ئاغا.