ئاری ئەحمەد قادر: حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی پێویستی بۆ کاریگەریەکانی وشکەساڵی تەرخانکرد

K24 - هەولێر:
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی وشکەساڵی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بۆ چارەسەری کێشەکانی وشکەساڵی، 25 ملیار و 104 ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرخانکرا، لە بارەی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختەش، سنوور ئالانی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر شەشی کوردستان24،پرسیارەکانی ئاراستەی ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کرد و جەختی لە جێبەجێکردنی پلانەکان کردەوە.
رۆژی یەکشەممە (29ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەو بارەوە گوتی:"بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دوروبەری هەولێر، لە ڕێگای پلانێکی تۆکمە و دابینکردنی بودجە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەشێوەی فریاکەوتن یاخود سەربار، یانیش بەشێوەی بودجەی دیکە،هەروەها لەسەر بودجەی %17 ی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ئاوی دەوروبەری هەولێر چەندین پرۆژە بە چەندین تەوەر ئەنجامدران،یەکێک لە پلانەکان شێوازی چارەسەرکردنی کێشەی بیرەکان بوو کە چەند بابەتێکی لەخۆ دەگرت،لەوانەش دابەزینی بەردەوامی ئاستی ئاوی ژێر زەوی کە بەهۆی وشکە ساڵیی ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو و گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا و ڕاکێشانی بڕێکی زۆری ئاوی ژێر زەوی ڕوو دەدات،ئەوەش وا دەکات ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەردەوام دابەزێت.
ئاری ئەحمەد قادر زیاتر گوتی:" تا ئێستا زیاتر لە 110 بیری ئاوی خواردنەوە لێدراوە و لێشدراوەتەوە،بەو مانایەی بیری نوێی تێدایە و بیری بەدیلیش لێدراوە، ئەو بیرانەی لێدراوەنەتەوە بەهۆی وشکبوون بووە یاخود دابەزینی ئاستی ئاو بووە،ئەو بیرانەشی کە نوێن بەهۆی فراوانبوونی شوێنە جوگرافیەکان و ئاوەدانی شوێنەکان بووە.
لەبارەی دابەزینی ئاستی ئاو،بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوە کرد،لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ئاستی ئاو دەگۆڕێت،لە شاری هەولێر لە ناوچەی ڕۆژهەڵات و باکوور بیرەکان نزیکی بە قوڵی 500 بۆ 550 مەتر لێدەدرێت،لە ناوەندی هەولێر نزیکەی 450 مەتر بیر بە قوڵی لێدەدرێت،لە باشووریش بە قوڵی 450 مەتر لێدەدرێت.
سەبارەت بە داشکاندنی کرێی ئاوی هاوبەشانی ئاویش،ئاری ئەحمەد قادر دووپاتی کردەوە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پێنچ جار بابەتی داشکاندنی %15 کرێی ئاو لەسەر هاوڵاتیان جێبەجێکرا،بۆ ئەوانەشی پێوەری ئاویان نەبەستبوو ماوەی ساڵێک و دوو مانگ داشکاندنێک کرا،ئەوەی کە مانگانە 80 هەزاریان لەسەر ئەژمار کرا بوو،ئەوانەی لە سەنتەری شارەکان بوون بۆیان کرا بە 20 هەزار دینار،ئەوانەی لە دەرەوەی شارەکانیش بوون لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە بۆیانکرا بە 10 هەزار دینار،بەوەش ڕێژەی بەستانی پێوەری ئاو لای هاوبەشانی ئاو لە %73 بووە %84، گوتیشی:"نزیکەی 13 ملیار دینار داشکان کرایە لە کرێی ئاو بۆ هاوڵاتیان بە هەردوو داشکانەکە.
زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی ئاو لە هەولێر بۆ کەمکردنەوەی کێشەی کەمئاوی بەشێکی هەولێر لە وەرزی هاویندا،ئاری ئەحمەد قادر باسی پرۆژەی ئیفرازی سێی ئاوی هەولێری کرد و گوتی:"پرۆژەی ئیفراز چواری هەولێر پرۆژەیەکی ستراتیژیە، ئاماژەی بەوە کرد،لە ٢٠١٥ پرۆژەیەک لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی ئەنجامدرا کە لە دوو بەش پێکهاتبوو،یەکەمیان development face کە ئێستا کارەکانی تەواو بووە و لە قۆناخی وەرگرتنە،بابەتی دووەمیش constriction face کە پێویستی بە دابینکردنی بودجەیە و ئێمە کارمان لەسەر چەند تەوەرێکی کردووە،چ وەک قەرز بێت یا دابینکردنی ناوخۆ کە ئێستا بارودۆخی دارایی لە نێوخۆ لەبار نیە،بۆیا کارکراوە لەسەر ئەوەی قەرز وەرگیرێت لە وڵاتانی دەوروبەر،سەردانێک بۆ وڵاتی سعودیا کرا و چەندین گفتوگۆی بەرهەمهێن ئەنجامدرا،هەوڵدراوە لە ڕێگەی وەبەرهێنەری ناوخۆ و دەرەکی ئەو بابەتە ئەنجام بدرێت،لەبەر ئەوەی ژمارەی بیرەکان لە ناوچەیەکی هەولێر زۆر بووە،وای کردووە دابەزینی ئاستی ئاو و کۆنترۆڵکردنی چاککردنی و بەڕێوەبردنی کێشە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دروستبکات.
لەبارەی قۆناغەکانی ئەنجامدانی پرۆژەی ئاوی قورسی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند:"لەگەڵ ژاپۆنیەکان لە ڕێگەی قەرزی ژاپۆنی کە بە قەرزی جایکا ناسراوە،ئێستا لە کۆتایی قۆناغی یەکەمی تەندەرینگین و لەگەڵ کۆمپانیای تیۆتا لە گفتوگۆداین و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆتا بریار لەو بابەتە دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو نرخە بەرزەی دانرابوو بینێتە خوارەوە و لە ئاستی بوودجەکەدا بێت کە بۆ پرۆژەکە تەرخانکراوە و خۆمان هەڵسەنگاندنمان بۆی کردووە لەگەڵ ڕاوێژکارە ژاپۆنیەکانمان،ئەگەر زانیمان بودجەکە و پرۆژەکە هاوتان،پرۆژەکە ڕەوانە دەکرێت،ئەگەریش وا نەبوو جارێکی دیکە پرۆژەکە دەچێتەوە تەندەرینگ و لە ماوەی دوو تا سێ هەفتەی دیکە ئەو پرسە یەکلایی دەبێتەوە.
ئامادەکردنی/ کارزان حەیدەر