نەرویج: ئیسرائیل یاسا مرۆییەکانی بەزاندووە
K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی نەرویج رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەرحەماس کارەساتی مرۆیی لێکەوتووەتەوە، پێویستە گیان و ماڵی خەڵکی سڤیل لەبەر چاو بگرێت، لەوبارەوە ئیسرائیل سنووری بەزاندووە.
یوناس گار، سەرۆکوەزیرانی نەرویج، بە رادیۆی "ئین ئاڕ کەی" رایگەیاند، بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی دەبێت ئیسرائیل گیان و ماڵی خەڵکی سڤیل لەبەر چاو بگرێت، یاسایی مرۆییش ئەوە روون دەکاتەوە، دەشڵێت: لەو بڕوایەدام ئیسرائیل سنووری تێپەڕاندووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، "نیوەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن، راستە ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لەخۆی بکات، لەوە تێدەگەم چەند قورسە بۆ ئەو، کە هێرش لە ناوچەیەکی چڕ بکەیت کە دانیشتوانی غەززەی لێبێت".
سەرۆک وەزیرانی نەرویج دووپاتیکردەوە، "هێشتا لە غەززەوە مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن، ئێمەش ئەوە ئیدانە دەکەین. ئێمە پەیوەندیی و دۆستایەتیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، ئەوەی بەر لە سێ هەفتە روویدا لەلایەن حەماسەوە ئیدانەی دەکەین، بۆیە داوا دەکەین ئەو هێرشە راگرێت، بارودۆخەکە کارەساتبارە، دەبێت یاساکانی شەڕمان لەبیربێت و بارودۆخی یاسایی مرۆییمان لەبەر چاو بێت".
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 23 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە سێ هەزار و 342ـیان منداڵن و دوو هەزار و 62ـیان ئافرەتن و 460ـیان بە ساڵاچوون و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئا: لاڤین عومەر