هێزێکی ئەمەریکی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتەڕێ

K24 – هەولێر

ئاژانسێکی هەواڵی ئاشکرای کرد، هێزێکی دەریایی خێرای ئەمەریکی، بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کەوتەڕێ.

ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردەوە، هێزێکی دەریایی خێرای ئەمەریکی، بە ئاراستەی رۆژهەڵات دەریای ناوەڕاست، کەوتەڕێ، کە پێکهاتووە لە 26 کەشتی دەریایی هێرشبەر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، ئێستا کەشتیەکە لە دەریایی سوورە، پێشبینی دەکرێت، بەم نزیکانە بە دەریای سپی ناوەڕاست تێپەڕێت.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممەی رابردوو، کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، دەبێت هاووڵاتییانی ئەمەریکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبهێڵن، لەناویشیاندا لوبنان و ئیسرائیل، کە ئێستا حزبوڵڵا دەیەوێت هێرش بکاتە سەرهێزەکانی ئیسرائیل.

رۆژی هەینی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەیروت، هۆشداریدا بە هاووڵاتییانی کە بە خێرایی لوبنان جێبهێڵن.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

ئا: لاڤین عومەر