تانک و زرێپۆشەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە کەرتی غەززە

K24 - هەولێر

هێزەکانی سوپای ئیسرائیل، گەیشتوونەتە ناوەندی غەززە و شەڕو پێکدادانی توند لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و سوپای ئیسرائیلدا هەیە.

بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان24 لە غەززە رایگەیاند، بەهۆی تانک و زرێپۆشەکانی ئیسرائیلەوە، ئێستا کەرتی غەززە دابەش بووە و باکوور و باشوور لەیەک جیابوونەتەوە.

گوتیشی: تانکەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە ناوەندی کەرتی غەززە، کەرتەکەیان دابەش کردووە بۆ باکوور و باشوور، هەروەها هێزەکانی زەمینی ئیسرائیل بەرەو رۆژئاوای غەززە و دەریا دەرۆن ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام دەدەن.

راشیگەیاند: دۆخی غەززە شڵەژاوە و تەواوی کەرتە خزمەتگوزارییەکان پەکی کەوتووە، هەروەها دۆخی مرۆییش لە مەترسییدایە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێکدادانی توند لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و سوپای ئیسرائیل لە غەززە هەیە.

شەڕی غەززە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا" لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە، پێی ناوەتە 24هەمین رۆژی خۆی، لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە لە رێگەی وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ژمارەی کوژراوانی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گەیشتە زیاتر لە حەوت هەزار و 800 کوژراو و 20 هەزار بریندار، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی دوو هەزار کەس لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێن بوون. تا ئێستاش لە ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون کە 310 کەسیان سەرباز بوونە.