دادگای تاوانی نێودەوڵەتی: رێگریکردن لە پێداویستییە فریاگوزارییەکان بۆ کەرتی غەززە تاوانە

کەریم خان
کەریم خان

K24 - هەولێر

داواکاری گشتی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، رێگریکردن لە پێداویستییەکانی فریاگوزاری بۆ کەرتی غەززە دەبێتە تاوان، بۆیە نابێت هیچ بەربەستێک لەبەردەم گەیاندنی پێداویستییە مرۆییەکاندا هەبێت. 

داواکاری گشتی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، کەریم خان، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ خاڵی سنووری رەفەح لە میسر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: رێگریکردن لە پێداویستییەکانی فریاگوزاری بۆ کەرتی غەززە دەبێتە تاوان، گوتیشی: پێویستە ئیسرائیل هەوڵێکی بەرچاو بدات بۆ دڵنیابوون لەوەی خەڵکی مەدەنی دەستیان بە خۆراک و دەرمان دەگات.

خان لە پلاتفۆڕمی X ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هیوای خواست سەردانی کەرتی غەزە و ئیسرائیل بکات کاتێک لەو ناوچە دایە.

خان باسی لەوەشکرد، "نابێت هیچ بەربەستێک لەبەردەم گەیاندنی پێداویستییە مرۆییەکاندا هەبێت، کە بگاتە منداڵانی مەدەنی، ژنان و پیاوان، چونکە ئەوان بێتاوانن".

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2021ەوە، لێکۆڵینەوە لە ڕرووداوەکانی ناوچەکەی فەڵەستین دەکات و لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و ئەگەری تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکات.

بەگوێرەی راپۆرتی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی یەکشەممە، 33 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لە رێگەی دەروازەی سنووری رەفەحەوە لە میسر چوونەتە ناو کەرتی غەززە.

لەبەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری ته‌ندروستی غەززە، زیاتر لە هەشت هەزار و 300 فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون .