ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە فراوانتر دەبێت

دیمەنێکی غەززە - فۆتۆ: AA
دیمەنێکی غەززە - فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 31/10/2023، سوپای ئیسرائیل بە هێزی پیادە هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە.

ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکەی لە کەرتی غەززە فراوانتر کردووە، بزووتنەوەی حەماس رایانگەیاند، بە تانک و مووشەک رووبەڕووی هێرشی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە باڵی سەربازی ئەلقەسام، بزووتنەوەی حەماس، بڵاویان کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، بە دۆشکە لەناو باشووری کەرتی غەززە و بە مووشەکی ئەلیاسین 105 چوار دەبابەیان کردووەتە ئامانج.

تەندروستی غەززە دەڵێت، بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی ئیسرائیل، هەشت هەزار و 306 کەس کوژراون کە لەنێویاندا سێ هەزار و 457 کەسیان منداڵن.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 600 ئامانجیان لە کەرتی غەززە پێکاوە. لە کاتێکدا ململانێکان دەچێتە هەفتەی چوارەمەوە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و برینداران، هاووڵاتییانی سڤیل لە کەرتی غەززە داوای خۆراک، ئاوی خواردنەوە و سووتەمەنی دەکەن.

دوێنێ غازی حەمەد بەرپرسی باڵای حەماس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەیروته‌وه‌ رایگەیاند "کەتیبەکانی قەسام ئامادەن و زیانێکی زۆریان بە سوپای ئیسرائیل گەیاندووە.

گوتیشی: "ئەوەی پێی دەگوترێت داگیرکردنی غەززە لە رێگەی زەمینیەوە، دەتوانم پێتان بڵێم هەموو هەوڵەکانی داگیرکاری ئیسرائیل بۆ چوونە ناو غەززە شکستیان هێناوە".

ئا: لاڤین عومەر