دیندار زێباری: 2526 ئێزیدی ونن و تاوانەکانی داعش بێ سزا ماونەتەوە
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماری نوێی قوربانییان، ونبووان و گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەخاتەروو و جەخت لەسەر پاراستنی بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش دەکاتەوە، هاوکات داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات چوارچێوەی یاسایی بۆ دادگاییکردنی تاوانباران لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان دابین بکات، پرۆسەی ناسینەوەی تەرمەکان و قەرەبووکردنەوەی رزگاربووان تەواو بکات و رێککەوتنی شنگالیش جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ شەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2026، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە 3ی ئابی 2014 و دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاڵ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و مرۆیی، دەستی بە پرۆسەیەکی دامەزراوەیی کرد بۆ تۆمارکردن و بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان، تا راستییەکان بپارێزرێن و لە دادگاییکردنەکاندا بەکاربهێنرێن.
دیندار زێباری ئاماژەی بەوە دا، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 5000 هاووڵاتیی ئێزیدی کوژراون و 6417 کەس رفێنراون، لەوانە 3548 پیاو و 2869 ئافرەت و کچ بوون، هەروەها تا ئێستا 3595 کەس رزگار کراون و چارەنووسی 2526 کەسیش نادیارە. ئەوەشی خستەروو، ئەرکی ئەوان تەنیا تۆمارکردنی ژمارەکان نییە، بەڵکوو گەیشتنە بە راستی، دیاریکردنی چارەنووسی ونبووان و دابینکردنی دادپەروەری.
لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە، زێباری ئاشکرای کرد، 93 گۆڕی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە و 296 تەرم هەڵکەندراون، ناسێنراون و گەڕێندراونەتەوە بۆ خێزانەکانیان. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی یەزدا لە ساڵی 2025، زیاتر لە 95 گۆڕی بەکۆمەڵ تۆمار کراون، 74 گۆڕ هەڵکەندراون، 297 کەس بە فەرمی ناسێنراون و 437 تەرمیش لە تاقیگەکانی پزیشکیی دادوەری لە بەغدا چاوەڕێی ناسینەوە بوون. بۆ تەواوکردنی ئەم کارەش، داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە بودجە، پسپۆڕ، تاقیگەی پێشکەوتوو و رێکاری وەرگرتنی نموونەی DNA لە خێزانەکان دابین بکات، بەتایبەت بۆ ئەو خێزانانەی لە دەرەوەی عێراق دەژین.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە هاوکارییەکانیان لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کرد و روونیشی کردەوە، لە 11ی تەممووزی 2024 بڕی 45.95 گێگابایت و لە 25ی ئابی 2024یش بڕی 11.9 گێگابایت بەڵگە و هەڵسەنگاندنی یاسایی گواستراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کۆی ئەو دوو گواستنەوەیەش گەیشتووەتە 57.85 گێگابایت.
بەپێی راگەیەنراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 16ی ئەیلوولی 2024، تیمی یونیتاد لە ماوەی کارکردنیدا 19 راپۆرتی لێکۆڵینەوەیی ئامادە کردووە، 68 گۆڕی بەکۆمەڵی بە هاوکاریی عێراق هەڵکەندووە، 20 ملیۆن بەڵگەنامەی کاغەزیی بە دیجیتاڵ کردووە و نزیکەی 300 داواکاریی یارمەتیی لە 21 دەوڵەتەوە وەرگرتووە، هاوکات لانیکەم 18 دۆسیە گەیشتوونەتە قۆناغی تۆمەتبارکردن و لانیکەم 15 دۆسیەش بە بڕیاری سزادان کۆتاییان هاتووە. زێباری جەختی کردەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی یونیتاد لە 17ی ئەیلوولی 2024 بە مانای کۆتاییهاتنی بەرپرسیارێتیی عێراق نایەت و دەبێت بەغدا رێکاری یاسایی و تەکنیکی بۆ بەکارهێنانی ئەو تۆمارانە لە دادگاکاندا دابین بکات.
لە رووی یاساییەوە، دیندار زێباری رەخنەی لەوە گرت، لە عێراقدا تاوانبارانی داعش تەنیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپێکی تیرۆریستی دادگایی کراون و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ساڵی 2025 هیچ دادگاییکردنێکی ناوخۆیی تایبەت بە توندوتیژیی سێکسیی داعش نەکراوە. هەرچەندە تا ئایاری 2025 لە لایەن عێراقەوە 2991 دۆسیە تۆمار کراون، 3290 سکاڵاکار ناونووس کراون، 3090 ونبوو تۆمار کراون (1222 ژن و 1868 پیاو)، 2848 قوربانی پشتیوانیی دەروونییان وەرگرتووە و لە ساڵی 2024دا 39 بڕیاری دادوەری دەرچوون، بەڵام داوا دەکات یاسایەکی روون بۆ جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی دابین بکرێت.
سەبارەت بە ماف و قەرەبووکردنەوە، زێباری ئاماژەی بەوە کرد، تا 31ی تشرینی یەکەمی 2025 نزیکەی 2600 داواکاری لە چوارچێوەی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2021ی قوربانیانی ئێزدیدا پەسەند کراون، لەوانە 1341 داواکاری تایبەتن بە ژن و کچانی رزگاربووی توندوتیژیی سێکسی، هاوکات حکوومەتی هەرێمیش لە ئابی 2024ـەوە مانگانە نزیکەی 100 دۆلار دەداتە رزگاربووان.
لەبارەی رێککەوتنی شنگالیش، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی، ئەو رێککەوتنەی لە 9ی تشرینی یەکەمی 2020 لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کرا وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە، چونکە بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی یەزدا لە ساڵی 2025، لانیکەم 11 گرووپی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەت لە شنگال هەن و نەبوونی خزمەتگوزاریش رێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان.
لە کۆتاییدا پێنج داواکاریی سەرەکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کران بۆ پاراستنی تۆمارگەی یونیتاد، بەردەوامیی هەڵکەندنی گۆڕەکان و پشکنینی DNA، پشتیوانیی یاسایی لە عێراق، چاودێریی یاسای قوربانیان و نۆژەنکردنەوەی شنگال، تا دادپەروەری تەنیا بە دانپێدانان نەوەستێت و بە سزادان و قەرەبووکردنەوە تەواو ببێت.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە 3ی ئابی 2014 هێرشی کردە سەر قەزای شنگال و کۆمەڵکوژیی بەرانبەر کوردانی ئێزدی ئەنجام دا، بەهۆیەوە زیاتر لە 400 هەزار کەس ئاوارە بوون. دواتر لە 13ی تشرینی دووەمی 2015، هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرماندەیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی زیاتر لە 7000 پێشمەرگە و بەخشینی سەدان شەهید، شنگالیان لە دەستی داعش رزگار کرد.