نوێنەری رێکخراوی مەدەنییەکان: داوا دەکەین لە خولی داهاتووی پەرلەمان رێژەی بەشداری ژنان زیاد بکرێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسرور  بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ـی، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش لە هەولێر بەڕێوەچوو، نوێنەری رێکخراوە مەدەنییەکانیش دەڵێت: داوا دەکەین لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان رێژەی بەشداری ژنان زیاد بکرێت.

شۆخان ئەحمەد، نوێنەری رێکخراوی مەدەنی و هاوپەیمانی ژنان لە کوردستان، لە رێوڕەسمی ساڵیادی 1325 لە هەولێر رایگەیاند: "هاوپەیمانی ژنان، پێکدێت لە رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتانی چالاک، لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کورستان، هەروەها کار دەکات بۆ دۆزی ژنان بەبێ جیاوازی، ئایینی، نەتەوەیی، ئایدۆلۆژی، سیاسی، بە مەبەستی هێنانەدی، یەکسانی نەهێشتنی جیاکاری دژ بە ژنان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: لە چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانییە، ئەنجومەنی باڵای خانمان هاوبەشی بۆ داڕشتنی پلانی 1325 کردووە، کە ئامانجمان چاودێری وردی رەوشی ژنانە لە کوردستان"، داواشی کرد، "کارکردن بۆ دۆزی ژنان لە پێشینەی ئەجێندای کارەکانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بێت، لە رێگای کارکردن بۆ دروستکردنی رای گشتی بۆ پرسەکانی ئافرەتان و کارکردن بە مەبەستی پاڵپشتی ژن بۆ یەکتر بەرەو پێشبردنی دۆزی ژنان لە هەرێمی کوردستان".

شۆخان ئەحمەد، راشیگەیاند: "کارکردن بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکانی پەیوەندیدار بۆ پرسی ژنان، لەسەر بنەمای رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، کارکردن بۆ رۆڵی دادگاکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو یاساییانەی پەیوەستن بە رۆڵی ژنان، کارکردن بۆ رۆڵی داواکاری گشتی بە شێوازێک، پرسەکانی ژنان لە ئەجێندای کارەکانیاندا بێت".

 نوێنەری رێکخراوی مەدەنی و هاوپەیمانی ژنان لە کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا: رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری زۆریان کردووە بۆ پرسی ژنان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها کارکردن بۆ پرسی ژنان لەلایەن دامودەزگا تایبەتەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە پرسی ژنان کراوە، هەرێمی کوردستان بەو ستراتیژییە کاری بۆ بارودۆخی پرسی ژنان کردووە".

جەختیشیکردەوە، "لەسەر بنەمای ئامانجەکان چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە بەرپرسەکان ئەنجامدراوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، داوامان کردووە رێژەی بەشداری ژنان بۆ پەرلەمانی داهاتوو زیاد بکرێت، گوتیشی: بۆ پاراستنی ئەو ژنانە کە لە خولەکانی داهاتوو بەشدار دەبن، پێویستمان بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە رەنگە لە هەڵبژاردنەکاندا رووبەڕووی تانە و تەشەر ببنەوە.