شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
K24 – هەولێر
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 1/11/2023، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و خێراى با لە هەندێک ناوچە زیاد دەکات، بە تایبەتى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، هەروەها ئەگەرى پروشکە باران هەیە لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان لە هەندێ کاتدا، پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بە بەراورد لەگەڵ تۆمارکراوەکانی دوێنێ .
کەشناسی پێشبینی کردووە، سبەى پێنجشەممە ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت، کاریگەرى نزمە پاڵە پەستۆیەک لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ لەسەر ناوچەکەمان زیاد دەبێت، پێشبینى بارانبارینى کەم و بارانى مامناوەند دەکرێت، لە ناوچە سنوورییەکان هەندێک کات پێشبینى بارانى مامناوەند و کورت خایەنى هەیە، سەنتەرى پارێزگاى هەولێر، دهۆک و کەرکووک نمە بارانى کەمى دەبێت، لە هەندێک کاتدا کاریگەرى ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە لەسەر سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان زیاتر دەبێت، بارانى مامناوەند دەبارێت و ئەگەری دروستبوونى هەورە تریشقە هەیە. پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 29 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 26 پلەى سیلیزى
دهۆک: 29 پلەى سیلیزى
کەرکوک:31 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 26 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 31 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 16 پلەى سیلیزى
سۆران : 28 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 31 پلەى سیلیزى