عێراق: 10 هەزار خێزان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوارەبوونە

K24 - هەولێر

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵییەوە لە سێ پارێزگا، 10 هەزار خێزان ئاوارە بوونە.

گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، عەلی عەباس جیهانگیر بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاند: "وەزارەت چاودێری ئاوارەبوونی تەواوی خێزانەکانی کردووە لە هەرسێ پارێزگای، زی قاڕ، میسان و بەسرە، بەهۆی کاریگەری وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەواوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لیژنەی لەناو ئەو پارێزگایانەدا پێکهێناوە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاوارەبوونی ئەو خێزانانەی کە ئاوارەبوون و زیانیان بەرکەوتووە".

جیهانگیر گوتیشی: "ئەو خێزانانە بۆ دوو بەش پۆلێن دەکرێن، یەکەمیان ئەو خێزانانەن کە لەو ناوچانەن کە مەترسی ئاوارەبوونیان لەسەرە، دووەم ئەو خێزانانەن کە ئاوارەبوون بۆ ناوچەکانی دیکە".

گوتەبێژەکە ئاشکرایکرد، "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ئاوارەبوونی نزیکەی 10 هەزار خێزانی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا هەزار و 400 خێزان خراوەتە ناو داتای وەزارەتەکە بەئامانجی هاوکاریکردنییان".