هەزار و 600 سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراونەتەوە

K24 - هەولێر

قایمقامی هەولێر رایگەیاند، هەزار و 600 سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراونەتەوە وە و لە 30% حاڵەتی پەلاماردان و گەستنى سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان کەمیکردووە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ماوەی چەند ساڵێکە، ژمارەی ئەو سەگە بێلانانەی لە کۆڵانەکاندا هەن ژمارەیان زیادبووە، گەیشتبووە ئاستێک کە زیانی گیانی بە هاووڵاتییان بگەیەنن، بەتایبەتی منداڵ و خەڵکی پەکەوتە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە داوامان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد، بودجەیەک بە بڕی 450 ملیۆن دینار تەرخان بکات، بۆ ئەوەی بتوانین شڵتەرێک دروست بکەین، بۆ کۆکردنەوەی ئەو سەگانە و مامەڵە کردن لەگەڵیان بەشێوازێکی زانستیانە".

گوتیشی: "دوای ئەوەی پارچە زەوییەک تەرخان کرا، بە رووبەری 20 دۆنم لەسەر رێگای گوێڕ- هەولێر، رێکارییەکان گیرانەبەر و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیدا و ئەو بڕە پارەی دابینکرد، لە رێگای لیژنەیەکەی تایبەت کە پێکهاتبوو لە پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەو شڵتەرە لە ماوەی دوومانگدا دروستکردنی شڵتەرەکە کۆتایی بە کارەکانی هات".

قایمقامی هەولێر، باسی لەوەشکرد: "ئێستا شڵتەرەکە هیچ کێشەیەکی نییە و ئیدارەیەکی تایبەتی بۆ دانراوە، لە رێگەی ئەو تیمانەی پێکهێنراون لەناو شاری هەولێر رۆژانە ژمارەیەک لەو سەگانە کۆدەکرێتەوە.

بەپێی دوا ئامار کە نەبەز عەبدولحەمید ئاشکرای کرد، تائێستا لە هەولێر هەزار و 600 سەگی بێلانە، لەناو شڵتەرەکە کۆکراونەتەوە، لەلایەن تیمەکانی ڤێتەرنەری چارەسەری پزیشکیان بۆ دەکرێت و نەزۆک دەکرێن. هەروەک لە راپۆرتی ژینگەپارێزی ئاماژەی پێکراوە، مەبەست لە کۆکردنەوەی ئەو سەگانە کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەیە  لەسەر هاووڵاتییان دروست ببوو، بەپێی ئامارێکی تەندروستیش، لە دوای دروستکردنی ئەو شەڵتەرە 30% رێژەی پەلاماردان و گەستن کەمبووەتەوە".

بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 20 هەزار سەگی بێلانە لەناو شاری هەولێر هەن، بۆ کۆکردنەوەی ئەو سەگانە شڵتەر لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دەستیپێکردووە، کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە.