زیاتر لە 10 رۆژە کچە کۆچبەرێک لە تورکیا دیارنەماوە
K24 – هەولێر:
زیاتر لە 10 رۆژە کچە کۆچبەرێک لە شاری ئەدرنەی تورکیا دیارنەماوە و کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپاش ئاماژە بەوەدەکەن، تا ئێستا چارەنووسی ئەو کچە نادیارە و کەسوکارەکەی گومان دەکەن رفێندرابێت.
کچە کۆچبەرێک بەناوی ئەمیرە رەشۆ کەتی، لە دایکبووی ساڵی 2004ـە و دانیشتووی پارێزگای نەینەوایە، لە شەوی (21/22ـی تشریینی یەکەمی 2023)ـەوە لە ناوچەیەکی پارێزگای ئەدرنەی تورکیاوە دیارنەماوە و کەسوکارەکەشی پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە.
لەلایەن خۆیەوە، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوایین ناونیشان کە ئەمیرەی لێبووە لە شاری ئەدرنەی تورکیا بووە کە دەکەوێتە نزیک سنووری یۆنان و لە شەوی 21/22ـی مانگی رابردووەوە سۆراغی دیارنییە.
ئەو نوێنەرەی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو کچە کۆچبەرە لەکاتی هەوڵدانی بۆ رۆیشتن بەرەو ئەوروپا کەوتبێتە ئاوەوە، بەڵام کەسوکارەکەی گومان دەکەن رفێندرابێت و داوای هاوکاری دەکەن بۆ دۆزینەوە و یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی کچەکەیان.
هاوکات هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەمیرە رەشۆی تەمەن 19 ساڵان لە تورکیا بەردەوامە و کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا لە رێگەی کوردستان24ـەوە داوا لە هەموو رەوەندی کوردی و عێراقی لە تورکیا دەکات هاوکاربن لە دۆزینەوەی ئەو کچە.