بەشێک لە سەرکردەکانی ئیسرائیل دان بە شکستەکانیان دەنێن

K24 – هەولێر:

بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشەکانی وڵاتەکەیان بۆسەر کەرتی غەززە دان بە شکستەکانیان دەنێن و ئاماژە بەوە دەکەن، کە سوپای ئیسرائیل زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.

یۆئاڤ گاڵانت، وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل، رایدەگەیەنێت، "هێزەکانمان لە غەززە دەستکەوتی سەرکەوتنی باشیان بەدەستهێناوه‌، بەڵام زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە"، لەلایەکی دیکەوە هێرزی هەلیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل گوتی: "پارێزگاریکردنی هاووڵاتییان ئەرکی سوپای ئیسرائیلە، بەڵام نەمانتوانی رێگری لە هێرشەکەی حەماس بکەین".

لەگەڵ بەردەوامبوونی شه‌ڕی ئیسرائیل و حەماس و زیادبوونی ژمارەی قوربانییان و دەستپێکی هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بەشێک لە سەرکردەکانی ئیسرائیل دان بە شکستیان دەنێن کە نەیانتوانیوە رێگری لە هێرشەکەی کەتائیبی قەسام بکەن و ژیانی هاووڵاتییانیان بپارێزن، کە بەهۆی هێرشەکە زیاتر لە 1400 کەس کوژراون و 240 کەسیش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتەگیران.

رۆنێن بار، بەڕێوبەری دەزگای شینبێت، رایگەیاند، نەمانتوانی هۆشداری لەبارەی هێرشەکەی حەماس بدەین".

لەلایەکی دیکەوە ئەهارۆن هەلیڤا، بەڕێوبەری دەزگای ئەمان، گوتی: لە گرنگترین ئەرک شکستمان هێناوە، بەرپرسیارەتی تەواوی ئەو شکستە دەخەمە ئەستۆی خۆم"

لەلایەن خۆیەوە تزاهی هەنیگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، ئاشکرایکرد، هەڵەبوومە لەو هەڵسەنگاندنەم کە حەماس بوێری ئەوەی نەبێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. هەروەها بیزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل گوتی: " دەبێت دان بەوە دابنێین کە شکستمان هێناوە.

نەفتالی بێنیت، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل دەڵێت: "کاتێک سەرۆکوەزیران بووم، هەندێک کار هەبوو دەبوایە بیکەم، کە دۆخەکەی زۆر دەگۆڕی".

ئیسرائیل سێ دەزگای هەواڵگری هەیە

دەزگاکانی هەواڵگری ئیسرائیل پێکدێن لە دەزگای مۆساد، تایبەتە بە هەواڵگری دەرەکی. دەزگای شینبێت، تایبەتە بە هەواڵگری و ئاسایشی ناوخۆیی، هەروەها دەزگای ئەمان کە دەزگای هەواڵگری سەربازی ئیسرائیلە، بەڵام ئەو دەزگایانە شکستیان هێنا كه‌ پێشبینی هێرشەکەی حەماس بکەن.

یۆئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانیان لە غەززە دەستکەوتی سەرکەوتنی باشیان بەدەستهێناو، بەڵام زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

هێرزی هەلیڤی سوپاسالاری ئیسرائیلە و دەڵێت، پارێزگاریکردنی هاووڵاتییانی وڵاتەکە ئەرکی سوپای ئیسرائیلە، بەڵام نەمانتوانی رێگری لە هێرشەکەی حەماس بکەین.

رۆنێن بار بەڕێوبەری دەزگای شینبێتە و دەڵێت، نەمانتوانی هۆشداری لەبارەی هێرشەکەی حەماس بدەین، شکستەکەش دەخەمە سەر ئەستۆی خۆم.

ناتانیاهۆ: لێکۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەکە دەکەین

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، تا ئێستا هیچ بەرپرسیارەتییەکی شکستەکە لە ئەستۆی خۆی نەگرتووە و تەنیا دەڵێت، لێکۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەکە دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدا بەگوێرەی راپرسی میدیاکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 80%ـی هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەڵێن، ناتانیاهۆ دەبێت بەرپرسیارەتی ئەو شکستە لە ئەستۆی خۆی بگرێت.