غەززە.. ئەمەریکا بە درۆنی سیخوڕی بەدوای بارمتەکاندا دەگەڕێت
K24 - هەولێر
دوو بەرپرسی ئەمەریکی رایانگەیاند، ئەمەریکا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی لە ئاسمانی غەززە بەدوای ئەو بارمتانەدا دەگەڕێت، کە حەماس لە کاتی هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر دەستگیریکردوون.
ئەو دوو بەرپرسە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەمەریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بەسەر ئاسمانی غەززەدا دەفڕێنێت، بۆ ئەوەی شوینی بارمتەکان بدۆزێتەوە، یەکێک لەو بەرپرسانە دەشڵێت: ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ئەو فڕۆکانە بەکار دەهێنرێن.
کاربەدەستانی ئەمەریکا باسیان لەوەکرد، لەوانەیە 10 ئەمەریکی لە نێو ئەو بارمتانە بن کە لە غەززە دەستبەسەرکراون و پێدەچێت لە تونێلەکانی حەماسدا بن.
بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامدا ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەمینی دەستپێکرد، بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ئاشکرایکرد، ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا لانیکەم نۆ هەزار و 61 فەڵەستینی کوشتووە.