له‌ڕێگه‌ی 100 هه‌زار كامێراوه چاودێری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، له‌ڕێگه‌ی 100 هه‌زار كامێراوه چاودێری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ده‌كه‌ن.
داود سلێمان، به‌ڕێوه‌به‌ری رێككاره‌كان و راهێنان له كۆمیسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، پرۆسه‌ی دانانی كامێرا رۆژێك پێش ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌ر وێستگه‌یه‌ك كامێرایه‌ك و هه‌ر ناوه‌ندێكی ده‌نگدانیش دوو كامێرا داده‌نرێت و دوو كارمه‌ندیش سه‌رپه‌رشتی و چاودێری كامێرا‌كان ده‌كه‌ن.
سلێمان راشیگه‌یاندووه، كامێرا‌كان به وزه‌ی كاره‌با كارده‌كه‌ن و پاترییه‌كی بارگاوی هه‌یه كه توانای هه‌یه 16 كاتژمێر كاربكات و چاودێری پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی پێده‌كرێت و راسته‌وخۆ وێنه‌كان بۆ نووسینگه‌ی نیشتمانی ده‌نێرێت.
بڕیاره رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و له ئێستادا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێكردووه.