دوای شەش ساڵ؛ ئەمڕۆ پارتی دەگەڕێتەوە کەرکووک
K24 - هەولێر
بۆ یەکەم جار لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017؛ پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە کەرکووک و دەست بە کار و چالاکییە سیاسییەکانی خۆی لەو شارە دەکاتەوە.
گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک بە دوو هەنگاو دەبێت. لە هەنگاوی یەکەمدا، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-11-2023، باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە بڕیاری سەرۆک بارزانی ڕادەستی زانکۆی کەرکووک دەکرێت و دواتریش پارتی بارەگای لقی سێی خۆی لە کەرکووک وەردەگرێتەوە.
سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لەو شارە رایگەیاند، "تەواوی کەرستە و کەلوپەلەکانی نێو باڵەخانەی ئەنجوومەنەکە بردراونەتە دەرەوە، بارەگاکە بە تەواوەتی چۆڵکراوە و هێزی ئەمنی لێی نەماوە. بڕیارە پاش کەمێکی دیکە بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پێشکەشی زانکۆی کەرکووک بکرێت".
پەیامنێری کوردستان24 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "وابڕیارە لە هەنگاوی دووەمدا، پارتی بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیان، کە کەمال کەرکووکی بەرپرسییەتی و ئێستا کار و چالاکییەکانی لە هەولێر راییدەکات؛ لە کەرکووک بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتی کردنەوەی ئەو بارەگایە دیاری نەکراوە".
خەلیل حەسەن، کادیری لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی بڕیاردرا پارتی بەفەرمی بگەڕێتەوە کەرکووک و بارەگاکانی خۆی وەربگرێتەوە. سەرۆک بارزانی بەرژەوەندیی کەرکووکییەکانی بەلاوە گرنگە و، کورد و کەرکووکییەکانیش زۆر دڵخۆشن بە گەڕانەوەی پارتی".
ئەو کادیرەی پارتی گوتیشی، "لەگەڵ هەموو حزبە سیاسییەکان هەوڵ دەدەین لەم هەڵبژاردنە (هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک) دۆخی کەرکووک بگەڕێنینەوە بۆ پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بە شێوەیەک هەموو هاووڵاتییانی کەرکووک بتوانن بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بێ ترس و دڵەڕاوکێ دەنگ بە کاندیدە دڵخوازەکانیان بدەن".
بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق دەستیپێکرد. لە کەرکووک 10 هاوپەیمانێتی، پێنج پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن. بە گشتی 234 کاندید لە هەڵبژاردنەکە بەشدارن و 16 کاندید وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵدەبژێردرێن.
پارتی بە 30 کاندید بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک دەکات، کە بڕیاروایە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەڕێوەبچێت. پارتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لەو شارە دەستپێکردووە و چاوی لەوەیە بەشێکی زۆری کورسییەکانی ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگای کەرکوک بەدەست بهێنیت.
ماوەی 45 رۆژ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەردەوام دەبێت. 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بانگەشەکە رادەگیرێت.
کاندیدێکی پارتی: هیچ شتێک لە کەرکووک ناتوانێت رێگریمان لێبکات
ئەمڕۆ شەممە، 04-11-2023، عەلی نازم، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێمە بەبێ پۆستەریش بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەین، هەر براوەین لە شاری کەرکووک، چونکە ئێمە هەڵگری بەرنامەیەکین بۆ خزمەتکردنی کەرکووکییەکان".
عەلی نازم گوتیشی: "بەرنامەی پارتی بۆ شاری کەرکووک، لادانی ئەو هێزە سەربازییەیە کە لەناو شارەکە هەیە و گەڕانەوەی شکۆیە بۆ خەڵک و دامودەزگاکان بەتایبەت. ئەوەی ئێستا لە شاری کەرکووکدا روودەدات، سیمای شاری پێوەنەماوە، بەرنامەی پارتیش گەڕاندنەوەی شارستانییەتە بۆ ئەو شارە".
کاندیدەکەی پارتی ئاماژەی بەوەشدا: "وەک کاندیدی پارتی هیچ شتێک ناتوانێت رێگریمان لێبکات، چونکە ئێمە خەڵکی ئەو شارەین و خەڵک دەمانناسێت. ئەوەی ئێستا لە کەرکووک روودەدات، پێشێلکاری هەڵبژاردنە بەرامبەر بە کاندیدانی پارتی دەکرێت، بەڵام هیچ یەکێک لەم هەڵسوکاوتانە ساردمان ناکانەوە".
رووداوەکانی 2ـی ئەیلوول و شەهیدبوونی چوار گەنجی کورد
رۆژى 2ـى ئەیلوولی 2023، ژمارەیەک لایەنگری حەشدی شەعبی و حزبە تورکمانییەکانی کەرکووک، لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە خۆپیشاندانیان کرد و رێگەى کەرکووک – هەولێریان داخست. لە گەڕەکی رەحیماوەى کەرکووک، هاووڵاتییانی کورد لە دژى داخستنی رێگەکە، بە ئاڵای کوردستانەوە دەستیان بە خۆپیشاندانی هێمنانە کرد، بەڵام بەهۆی رێگری هێزە عێراقییەکان، خۆپیشاندان گرژی تێکەوت و چوار هاووڵاتیی کورد بە گولـلـە هێزە ئەمنییەکان شەهیدکران و دەیان خۆپیشاندەری کوردیش بریندار کران.
لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەرچەندە دوای رووداوەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق، بڕیاریاندا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستی رووداوەکان و بە سزاگەیاندنی سەرپێچیکاران، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی فەرمی راگەیەندراوە و نە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەبەر کە بوونە هۆی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک.
دوو رۆژ دوای رووداوەکانی 02ـی ئەیلوول، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی رووداوەکانی 2ـى ئەیلوولی کەرکووک بکەن و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت"