فازڵ حاجی: ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان دووکەڵ دەکات سزا دەدرێن
K24 - هەولێر
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆکانیان هی هەرێمی کوردستانە و دووکەڵ دەکەن، ئێمە لێیان بەرپرسیارین و مامەڵەکان لە خاوەن ئۆتۆمبێل وەردەگرین تا چاکی دەکەن، ئەگەر پابەند نەبن سزا دەدرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2023، فازل حاجی گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بێت و دووکەڵ دەکەن، وەکو وەزارەتی ناوخۆ، ئێمە لێیان بەرپرسیارین".
گوتیشی: "ئێمە پشکنینی ساڵانەمان هەیە بۆ هەموو ئۆتۆمبێلێک، بەر لە هەموو شتێک لە پشکنینەکە، دەبێت سیستەمی سووتاندنی تەواو بێت، نابێت غازی ژەهراوی دەرکات، دووکەڵ هەیە بینراوە و هەندێک غازی ژەهراویش هەیە، کە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنە نەبینراوە، ئێمە ئامێری "حەساس"مان هەیە، دەیخەینە ناو گزۆزەوە، ئەگەر بێت و لە رادەی ئاسایی زیاتر بوو، ئەوە دەبێت خاوەنەکەی چاکی بکاتەوە".
فازڵ حاجی، ئاماژەی بەوەشدا: "80%ی ئەو ئۆتۆمبێلانە کە دووکەڵ دەکەن، تابلۆکانیان هی ئێرە نییە، هی شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراقە، کۆنتڕۆڵمان بەسەر ئەوانەدا نییە، بەڵام دەکەونە مەفرەزەکانمانەوە، هەندێک لە خاوەنەکانیان کوردن هەموو مامەڵەکانیان لێ وەردەگرین و دەبێت ئۆتۆمبێلەکە چاک بکات، دواتر دەبێت بڕواتە هەززە، لەوێ دڵنیامان دەکاتەوە کە گرفتی نەماوە ئینجا ئێمە رێگەی پێدەدەین".
ئەوەشی خستەڕوو: "هەندێک ئۆتۆمبێل هەیە گەشتیارین، لە لە ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە دێن و دەگەڕێنەوە، ناکرێت ئێمە پشکنین بۆ هەموو ئەمانە بکەین".
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، راشیگەیاند: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆکانیان هی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و دووکەڵ دەکات، مامەڵەکانیان لێ وەردەگرێت تا ئەوکاتەی چاکی دەکات دواترمامەڵەی دەگەڕێنینەوە، بەڵام بەردەوام بێت و پابەند نەبێت، ئێمە بە یاسای هاتووچۆ سزایان دەدەین".
ئا: لاڤین عومەر