نیازی حەمەعەزیز: پارتی ئامادەکارییەکی باشی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە
K24 – هەولێر:
بڕیاردهری بهشی ههڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بەشدارییەکی کاریگەری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبێت، هەروەها پارتی ئامادەکارییەکی باشی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە. هاوکات گوتیشی: کەرکووک بەلای پارتی دیموکراتی کوردستان هێڵی سوورە.
نیازی حەمەعەزیز، بڕیاردهری بهشی ههڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بەخشینی بارەگا بەشێکە لە هەنگاوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، خەڵکی بە گشتی دەزانن هەڵوێستی سەرکردایەتی پارتی و بە تایبەتی سەرۆک بارزانی لە بەرامبەر زانستدا چۆن بووە، هەموو مامۆستایانی زانکۆ و دانیشتووانی شاری کەرکووک پێشوازی لەو دیارییەی سەرۆک بارزانی دەکەن کە بارەگاکەی پارتی بەخشی بە زانکۆی کەرکووک.
هاوکات راشیگەیاند، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەروەها کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگمان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەشدارییەکەمان لە هەڵبژاردن بەشدارییەکی کاریگەر بێت، خۆمان زۆر بەباشی ئامادە کردووە، لە ئێستاوە دەستمان کردووە بە خولی راهێنان بۆ کاندیدەکان و بۆ بریکارەکان و بۆ کارەکتەرەکان کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن بەشداری دەکەن.
بڕیاردهری بهشی ههڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: کەرکووک هەمیشە قووڵاییەکی ستراتیژی بۆ پارتی هەبووە، هەموومان دەزانین لە سەردەمی بارزانی نەمر شێوازێک لە شێوازەکانی بەرنگاربوونەوە لەسەر کەرکووک بوو، قۆناغی دووەمی شۆڕشی ساڵی 1974 لەسەر کەرکووک بوو، کەرکووک هێڵی سوورە بە نسبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەک بارزانی نەمر گوتویەتی: "کەرکووک دڵی کوردستانە".
نیازی حەمەعەزیز، ئاماژەی بەوەدا، پێشبینی دەکەن زۆرینەیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کورد بێت، روونیکردەوە، ئەو حاڵەتە نائاساییەی کە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر بەسەر کەرکووکدا هات دوای هەڵبژاردن نامێنێت، هاوکات هیواخوازە لایەنە کوردستانییەکان هاوهەڵوێست و یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی کەرکووک وەک پێش 16ـی ئۆکتۆبەری لێبێتەوە.
وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن كهس مافی دهنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی دهنگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژمارهیان 214 هەزار و 595 کارمەندە.
رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.
رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ کاندیدە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، کاندید و لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە فەرمی دەستیان بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.