نووسینگەی زێلێنسکی رەتی دەکاتەوە چەک و تەقەمەنی بەقاچاخ بردرابێتە دەرەوە

K24 - هەولێر

ئۆکرانیا رەتیکردەوە، چەک و تەقەمەنی لە وڵاتەکەی دزەی کردبێتە دەرەوەی ئۆکرانیا و گوتی: دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دایە.

ئەندرێ یەرماک، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بە رۆژنامەی پۆلیتیکۆی راگەیاند، هیچ جۆرە چەکێک لەئۆکرانیا نەبراوەتە دەرەوە بە قاچاخ، جەختیکردەوە، کیێڤ بەتەواوی کۆتڕۆڵی دۆخەکەی کردووە.

یەرماک گوتیشی: ئۆکرانیا بەتەواوی دۆخەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە، پێم وایە رووسیا ئەو هەواڵە ساختانە بڵاو دەکاتەوە، هەرچەندە درۆیەکە گەورەتر بێت ئاسانتر خەڵک باوەڕیان پێدەکات.

پێشووتر سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتن، رایگەیاندبوو، ئۆکرانیا چەکەکانی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەفرۆشێت، لەوێشەوە ئەوچەکانە دەچێتە شوێنێکی دیکە.

ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا، مارگۆری تایلۆر گرین، داوا دەکات لێکۆڵینەوە لەو چەکە ئەمەریکیانە بکرێت کە فەڵەستینیەکان لەهێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەکاریان هێناوە، پیشنیاری ئەوەی کردبوو کە ئەوچەکانەیان لە ئۆکرانیا دەست کەوتووە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەکردبوو، هەر بارهەڵگرێکی چەکی ئۆکرانیا دەبێتە ئامانجی سوپای رووسیا.

لە مانگی شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا تاوەکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە، بە دەیان هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و بریندار بوون.