ڤێدانت پاتێل: ئەمەریکا نایەوێت شەڕی حەماس و ئیسرائیل فراوانتربێت

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەوەدەکات، هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر ناوچەکە بە جددی وەردەگرن و ئەمەریکا بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی هێزی پێویستی بۆ ناوچەکە جووڵاندووە بۆ ئەوەی لە پاراستنی هاووڵاتییە ئەمەریکی و هاوپەیمانەکانیان دڵنیاببنەوە.

رۆژی دووشەممە (6ـی تشرینی دووەمی 2023) ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "من ئاگاداری گوتارەکەی ئەمدینداری حزبوڵڵام، کە رۆژی هەینی کردی، نامەوێت لێرەوە شەڕە قسە بکەم، بە روونی ئاماژەمان بەوە داوە، ئەمەریکا نایەوێت ئەو شەڕەی کە حەماس دەستیپێکردووە فراوانتر یاخود ئاڵۆزتر بێت".

رۆژی (3ـی تشرینی دووه‌می 2023) حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵڵا، ئه‌منیداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی له‌ گوتارێكدا له‌باره‌ی ئه‌و جه‌نگه‌وه‌ رایگه‌یاند، كاتێك حه‌ماس هێرشیكرده‌ سه‌ر ئیسرائیل، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی سیاسی، سه‌ربازی و ده‌روونی دووچاری ئیسرائیل كرده‌وه‌ و ئه‌نجام و لێكه‌وته‌ی ستراتیژی و وجوودی له‌لای ئیسرائیلییه‌كان جێده‌هێڵێت، كه‌ كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ئایینده‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسرائی ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ سه‌لماندی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل چه‌ند لاوازه‌.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشدا، "بێگومان ئێمە هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر ناوچەکە بە جددی وەدەگرین بۆیە ئەمەریکا بە شێوەیەک کاردانەوەی هەبووە، کە دڵنیابینەوە هاوپەیمان و هاووڵاتییانمان لە ناوچەکە پارێزراودەبن".

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە هێزمان بۆ ناوچەکە جووڵاندوە، ئێمە و هاوبەشەکانمان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش لە سەردانەکانیدا بە روونی ئەمەی گوتووە، کە نابێت حزبوڵڵا و لایەنەکانی دیکە هەوڵبدەن سوود لە شەڕەکە ببینن.

ڤێدانت پاتێل، گوتیشی: "ئێمە نامانەوێت ببینین شەڕەکە پەل بۆ لوبنان و ناوچەکە بهاوێژێت، چونکە کارەساتەکە بۆ خەڵکی لوبنان بێ وێنە دەبێت و ناتوانن خۆیانی لێ بپارێزن".

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.